ئێزیدیەکان پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دەکەن

کوردستان 21/11/2020

چاودێر: ژمارەیەک لەکەسایەتی و رۆشنبیرانی ئێزیدی لەکوردستان و عیراق و جیهان پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دەکەن  و دەستوەردانی حزبی رەتدەکەنەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە...

وەڵامێك بۆ وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و راستكردنەوەی شێواندنی راستییەكان 

بەڕێزان وەك ئاگادارن كە  نزیكەی دوومانگە ، بابە شێخ  سەرۆكی جڤاتی رۆحانی ئێزدییەكان كۆچی دوایكردو بەپێی دابونەریتەكانی ئاینی ئێزدییەكان پێویستە لەماوەیەكی كورتدا،  بابەشێخێكی نوێ دەستنیشانبكرێت ، ئەم پرسەش لای ئێزدییەكان و ئێزدیناسەكان روونوئاشكرایە كە بەچ میكانیزم و شێوازێك بەڕێوەدەچێت ! 

بەڵام بەداخەوە، لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی ئێزدییەكان و داب و نەریتەئاینییەكان، لەشاری دھۆك لەكۆبوونەوەیەكی داخراو وناڕەوادا كەرێگەنەدرا ئێزدییەكان بەشداری تێدابكەن  و تەنھا كاندیدی مەبەستدارو ژمارەیەك لەئێزدییەكانی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان  ئامادەیی بوون ، دوور لەھەموو عورف و بەھایەك ، بابەشێخێك دەستنیشانكرا ! كە لەدەرەوەی ویست و داوای زۆربەی ئێزدییەكانە ، لە وڵات ودەروەی وڵات، بگرە بێ ئاگاش بوون لێی و بەرچاوڕوون نەبوون لەچۆنێتی ھەڵبژاردنەكە و شێوازی دیاركردنی بابە شێخ ، ئەوەی جێی تێڕامان و قبوڵكراویش نیە لای ئێزدییەكان ،  حازم تەحسین بەگ خۆی لەدەرەوەی ویست وخواستی ئێزدییەكان بە مەرامی دەزگای پاراستنی پارتی دیمكراتی كوردستان سەپێنراو كرایە میر، لای ھەمووان روونە میری سەپێنراو ، كەسێكی نەشارەزایەو توانای بەڕێوەبردنی ئەو پێگەیەی نیە، ئێستا چۆن مافی ئەوەی ھەیە سەرۆكی جفاتی رۆحانی ئێزدییەكان دەستنیشان بكات و بەبێ ڕێزگرتن لە ئیرادەی زۆرینەی ئێزدیەكان! ؟ 

لەكاتێدا تەئكید دەكەینەوە كە ئەمە پرۆسەیەكی ناڕەواو گوماناویەو ئێمە رەتیدەكەینەوە.

دڵنیاشین، ئەم بڕیارە خواست وئیرادەی ئێزدیەكان نییەو ھەروەھا ئێزدییەكانیش رێگەنادەن جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كورددستان و هیچ پارتێكی تر یاری بەچارەنووس و ئایندەیان بكات. لەبەرامبەریشدا ببینەوە قوربانی سیاسەتە ھەلپەرست و قۆرخكارییەكان  و ئایندەمان بدرێتەوە دەست قەدەرو یاری بەچارەنووسمان بكرێت و لەتەنگانەو نەھامەتیشدا بمانفرۆشن و بەجێمانبھێڵن.

خوشك و برایانی خۆشەویستمان

لەكاتێكدا چاوەڕێی وەڵام و ھەڵوێستی جددی سەركردایەتی پارتی بووین ، لەبەرامبەر تەداخولات و ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر پیرۆزییەكانی ئێزدییەكان كردیان و تەفرەقەو ناكۆكییان خستەناو ماڵی ئێزدییەكان و جارێكی تر بەپیلانی دەزگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان خەڵكی بێ گوناهی شنگال-یان  فرۆشتەوەو لەبری ئەوەی داوای لێبووردنیان بكردایەو  باری لاری سەرشانیان رێككردبایەتەوە،  كەچی بەداخەوە وتەبێژە بەناوەكەیان لەروونكردنەوەیەكدا كە سەرلەبەری  وشەی داتاشراو ھەڵبەستراوە، پاساو بۆ ئەم كارەنەشیاوەیان دەھێنێتەوەو منەتبارمان دەكەن، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەو روونكردنەوەیە بڵاوبكەینەوە.

وەك  ئاماژەمانپێداوە ، پارتی و دەزگای پاراستن ، ھەر لەسەرەتای كۆچكردنی جەنابی میر تەحسین و جەنابی بابە شێخ سەرۆكی جفاتی رۆحانی ئێزدییەكان ،  راستەوخۆ دەستیان وەردایە ناو كاروباری ئاینی ئێزدییەكان و ھەموو داب و نەریتەئاینی و بگرە تێبینی و سەرنج و ھۆشداری كەسایەتی و پیاوانی ئاینی ئێزدییان فەرامۆشكردوو ، دوور لەھەموو بەھایەك ، شوێنگرتنەوەی بابە شێخ یان لە مەراسیمێكی رووكەشدا پڕكردەوە بە مەرامی خۆیان، كە ئەمە پێچەوانەی ھەموو ئەو دەستەواژانەیە كە وتەبێژەكەی پارتی باسی لێوەدەكات، چونكە رێزگرتن لەماف و ئازادییەكانی ئێزدییەكان بەو شێوەیە دەگیرێت  كە ھەموو بەھاو بنەما ئاینییەكان پێشێلبكرێت و جارێكی تر ئێزدییەكان بفرۆشنەوەو تەفرەقەو فیتنە بخەنە ناو ماڵیان، لەكاتێكدا چاوەڕێ بووین لەپارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سارێژكردنی فرۆشتنی شەنگال و كەسوكارەكانمان بەتیرۆستانی داعش ھەڵوێستێكی مرۆڤایەتی ھەبووایەو دەورێكی باشیان ببینیایە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام بوون لە سیاسەتی تێكدان و شێواندنی پیرۆزییەكانی ئێزدییەكان كە ئێمە بە پیلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو دایدەنێین بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئاینی و رەسەنایەتی كەلتوریمان . دیارە وتەبێژی پارتی و بەشێكی سەركردایەتییەكەیان ئاگاداری پیلانە  ژێربەژێرەكانی دەزگای پارستن نین ،بۆیە ئەو ڕوونكردنەوەیان بەو ناوەڕۆكە بڵاوكردۆتەوە .

لای خەڵكی هەریمی كوردستان و عیراق و ھەموو ئێزدییەكانیش روونە پارتی لە دوای پرۆسەی رزگاركردنی عیراق لە  ( 2003 ) ەوە دەستی كردووە بە سیاسەتی (تهدید و ترغیب) كردنی ئێزدیەكان، 

بەتایبەتریش لە دوای ڕادەستكردنی ئێزدیەكان لە شەنگال 3-8-2014 بەبەرنامە بۆداڕێژراو تر دەست لەكاروباری ئاینی و كۆمەڵایەتی ئێزدییەكان وەردەدات و بەسیاسەتی ترس و برسیكردن ھەڵسوكەوت لەگەڵ ئێزدییەكان دەكات.

لەم پرسەشدا راوێژكراوە لە گەڵ كۆنە بەرپرسانی مەفارزی ئەبو فیراس الحمدانی (مفارز أستخبارت النڤام البعپ سابقاً) ئەم مەرامەیان جێبەجێكردوو لەھەوڵدان بەتەواوی پیرۆزییەكانمان بشێوێن .

خۆشك وبرایانی خۆ ڕاگرو قارەمان لەچیای شەنگال ، خەڵكی بێگوناحی كەمپەكان لەهەرێمی كوردستان، خەڵكی بێ دەسەڵاتی ناوچەی وڵاتی شێخ، خۆڕاگرانی ئێزدی لە ڕۆژئاوا وباشوری كوردستان، خۆڕاگران لەجۆرجیا وئەرمێنیا و وڵاتانی سۆڤیەتی كۆن، ئێزدیەكانی تاراوگەو پەنابەر لە ئەورپاو ئەمریكا و كەنداو ئوسترالیا، ناسنامە ئاینییەكەمان، خاكەكەمان، پرستگاكانمان ، مافە گشتییەكانمان ، بە ئاشكرایی وڕاستەوخۆ كەوتونەتە  ژێر مەترسی ولەناوبردن وقۆرەخكردن بازارپێكردن.

لەبەرامبەر ھەموو ئەم غەدرو دەستدرێژی و چەوسانەوەو بێڕێزیكردنەی بەرامبەرمان دەكرێت، بێ دەنگی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ، سەرۆكایەتی هەرێم وپەرلەمان وحزبەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی جێگای سەرسوڕمانمان و ھەڵوەستەو نیگەرانیمانە . بۆیە ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە ، ئێزدیەكان لەھەموو لایەك ھەموو ھەوڵەكانمان یەكبخەین بۆ گێڕانەوەی تەبایی وئاشتی  و بەرگری كردن لە مافە ڕەوایەكانمان و قوڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان لەنێوان ھەموونەتەوەو پێكھاتەرەسەنەكانی وڵاتەكەمان .

ھەموو ھەوڵ و جوھدێكیش دەخەینەگەڕ بۆ رێگرتن و شكستپێھێنانی ھەر مەرام و پیلانێك و دەست تێوەردانێك لەناو كاروباری پیرۆزییەكانی ئاینی و كۆمەڵایەتیەكانمان. 

هەر شاد بن.
ژمارەیەك كەسایەتی رۆشنبیرو چاڵاكوان و ئۆلدار وپیاو ماقوڵی ئێزدییان لە هەرێمی كوردستان و جیهان.