شیهاب و هاوڕێكانی.. لە لوتكەدا ماوون

کوردستان 21/11/2020


نوسینی: مەلا بەختیار

 21/11/1976 رۆژی لە سێدارەدانی شەهیدان شیهاب و جەعفەر و ئەنوەرە. ئەو رۆژە، لای فاشیەكان، بۆ تۆقاندنی گەلەكەمان بوو.. بەڵام كورد، كوردانە وەڵامی فاشیەكانیان دایەوە. ناشتنەكەی شیهاب و جەعفەر لە سلێمانی و كۆیە، لە فاشیەكانی گەیاند، كە هەموو كورد بەم تاوانە بریندارە. بەداخەوە ئەوكاتە، لە كەركوك هەوڵیشمان دا، كارێك بۆ ئەنوەریش بكرێ‌.. نەكرا. ئەم چیرۆكەش هەڵدەگرم بۆ كاتی گونجاو!
سێ‌ هەواڵ.. لە مێژووی خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتیمدا، جەرگبڕترینیان بوون.
1-شەهیدكردنی شیهاب و هاوڕێكانی 2- شەهیدكردنی ئارام 3-كارەساتی هەكاری و شەهیدكردنی عەلی عەسكەری و د. خالید و شێخ حسێن و رەئووف بەگ و هاوڕێكانیان.
لەكاتی هاتنەوەی تەرمەكەی شیهاب دا، شەو هاوڕێیانی كۆمەڵە بەدیاریەوە بوین. شەهید یاسینە رەش و مەفرەزە نهێنیەكەی ناو سلێمانی، ئەركی ئەشك گرتنەكەیان بەسێ‌ دەمانچە و نارنجۆكێكەوە، گرتە ئەستۆ. شەوێكی شوم بوو.. هەر ئەو شەوە، شۆڕشگێڕ و هەلپەرست دەركەوتن. شۆڕشگێڕەكان بەڵێنیاندا تۆڵەی شیهاب و هاوڕێكانی بكەنەوە. هەلپەرستەكانیش لەسەر تەرمی شەهید شیهاب، لافیان لێدەدا.. دەریش كەوتن چەند درۆزنن!!
ناشتنەكەی شیهاب و جەعفەر، بۆ خەڵكی سلێمانی و كۆیە، دوو نمونەن، مەگەر لە مێژودا بۆ شێخ مەحمودی نەمر كرابێ‌. دلێری سەید مەجید، لەتیفی شێخ عومەر، شەهید ساجید، قادر سەرچناری و تاهر و مارفی برازای عەلی بچكۆل.. نمونەی قارەمان بوون.. لەمەراسیمەكەدا. لە ماڵی شیهاب، زۆرتر شێخ جەناب و روناكی كچی، هاوكاریان دەكردین.
بەڵێنی شۆڕشگێڕانەش برایە سەر و لە 21/12/1976، لێدانی پارێزگاری سلێمانی، لە تۆڵەی سەركردەكانمان بوو..
دوای ئەوە بە بڕیاری شەهید ئارام، چوومە ناوچەكانی هەولێر. یەكەمین یادی شیهاب و هاوڕێكانی، لە گوندی سێگردكان سازمان كرد. مزگەوتەكەی گەورە بوو. خەڵكێكی زۆر هاتبون. بەندە قسەم كرد. شەهید سەعدی و شەهید سەید كەریم و سەید كاكەو قادر عەزیز، شەهیدان: فاروق، یاسین، ملازم جەمال، فەریق (كەركوك) شەهێن (پردێ‌)، عەلی ساڵح، ئەحمەد قەمبەر، ئەحمەد سماقە و كاوە مەخموری، نامیق تەقتەقی، شەهید عەلی ئاو ماڵا و ئاسۆی برای، نەبەز، هێزێكی (70) پێشمەرگەیی لـێ‌ بوو. تیایدا، باسی كاریگەری شەهیدبونی ئەم پۆلەم بۆ كردن لە شۆڕشی نوێ‌ دا. دوای ئەم یادە، هەر لە گوندەكە چەندین كەس هاتنە ریزی كۆمەڵە.
دوەم یاد لە مزگەوتەكەی شێنێ (پێش هاتنە دەرەوەی هاوڕێكانی زیندان) سازمان دا. مام، رەسول مامەند، د. مەحمود و نەوشیروان ئامادە بوون.
سەركردایەتی كۆمەڵە بوین بەدوو بەش. بەشێكمان سوربوین لەسەر یادەكە و دوو كەسیشمان پێیان خۆش نەبوو!
یادەكە، دلێری سەید مەجید بەڕێوەیبرد، بەندە وتاری كۆمەڵە و بابەتەكان و میوانەكانم پێشكەش كرد، ناو بەناو باسی چۆنیەتی دوا چركەساتی لە سێدارەدانی هاوڕێیانی شەهیدم دەكرد.. كە كاتێك چون بەرەو پیری سێدارە، چییان وتووە. ئامادەبوان سەرسام بوون. تەنانەت مام فەرمووی.. ئەم راستیانەم لەسەر شەهیدەكان نەدەزانی!
سێهەم یادی شەهیدان.. لە زەلـَێ‌ كرا، فەرەیدون عەبدولقادر بەیاننامەیەكی جوانی لەسەر نوسین.
مام وتاری یەكێتی و من هی كۆمەڵەم خوێندەوە. فەتاحی كاویانی وتاری حیزبی دیموكراتی پێشكەش كرد.
چوارەم یادیان، لە هۆڵی شەهید شیهاب سازدرا. فەرەیدون وتاری خوێندەوە. روناكی شێخ جەناب، بەناوی بنەماڵەكەیان وتارێكی كۆمەڵایەتی – سیاسی خوێندەوە.
ئیدی.. ساڵانە، ئەم یادە زۆرتر لە ئیزگە ساز دەدرا. هەتا دوای راپەڕین. یادەكە شۆكمەندتر لای باخی گشتی سازدرا. مام جەلال وتارێكی گرنگی خوێندەوە. وتاری بنەماڵەكەیان سۆزانی شێخ شیهاب خوێندیەوە. بەندە بۆم نوسی.
ناوەندی مێژوو كتێبێكیان لەسەر دەكرد. ئەمەیان باشترین سەرچاوە بوو، لەسەر ئەم شەهیدانە. ناونیشان و پێشەكی كتێبەكە من نوسیم.
كاتێك هاتینە سەر ئەوەی رۆژی شەهیدی یەكێتی دیاری بكرێ‌. لەبەر هەستیاری رۆژەكە و زۆری سەركردەكانی یەكێتی، مشتومڕ زۆر كرا.. بڕیارەكەش دوا دەخرا. دۆخی ناو یەكێتی ئەوكاتە وای لێهاتبوو، بەئاسانی رۆژی 21/11 نەتوانرا بكرێتە رۆژی شەهیدی یەكێتی.
ئەمە لەكاتێكدا.. لەدوای لە سێدارەدانی فەهدو هاوڕێكانی حیزبی شیوعی، مێژووی شەهیدانی عیراق و كوردستان، لە عیراقدا، رۆژی مێژوویی وای بەخۆیەوە نەدیبوو. لە كوردستانیشدا. مەگەر رۆژی شەهیدكردنی پێشەوای سەرۆك كۆمار و هاوڕێكانی.. هاوتای ئەم رۆژە بن.
شیهاب و هاوڕێكانی.. شایستەی رۆژی شەهیدی یەكێتین، چونكە تائێستاش، سەرەڕای ناڕەزایی و رەخنەیەكی زۆر لەناو خەڵكدا، لە بەرامبەر دەسەڵات و یەكێتیش، ئەم شەهیدانە، لەناخی خەڵكدا.. رێزیان زیادی كردووە. چونكە ئامانجەكانیان هێشتا شایەنی درێژەپێدانی خەباتن.