ئەمریكا بڕیارێكی نوێ سەبارەت بە بازرگانی نێوان عێراق و ئێران دەردەكات

جیهان 21/11/2020


رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، کە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، عێراق تاوەکو ٤٥ رۆژی دیکەش دەتوانێت غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات.
ئەمریکا پێشتریش چەند جارێک ئەو مۆڵەتەی بۆ عێراق درێژکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە بەغدا ناچارە پێویستیەکانی لە بواری وزەدا بە ئێران پڕبکاتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، عێراق بەدەست کێشەی کەمیی وزەی کارەباوە دەناڵێنێت، هەرچەندە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبادا خەرجکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکانی ئەو کەرتە چارەسەر نەکراوە.
ئەو بڕیارەی ئەمریکا وەکو کارتێکی فشار دێت بۆ سەر حکومەتی عێراقی دوای هێرشەکانی بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی و هەڕەشەی کشانەوەی لە بەغدای پایتەخت، بۆئەوەی هەژموونی میلیشایانی نزیک لە ئێران کەمبکاتەوە.