پەرلەمانتارێك داوای كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوریەكانی هەرێم دەكات بەهاوكاری توركیا

عێراق 21/11/2020


لیژنەی دارای لە پەرلەمانی عیراق داوای لەحكومەت كرد لەگەڵ توركیا رێكبكەون بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی داهاتی دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان ،جەختیشی كردوەتەوە هەركاتێك توركیا رازی نەبوو هاوكاری عیراق بكات داوای یاسای لە دادگای نێودەوڵەتی لەدژی توركیا تۆماربكرێت.
عەبدولهادی سەعداوی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی المعلومە رایگەیاندوە داهاتی دەروازە سنوریەكانی هەرێم پشتیوانی باش دەبێت بۆ بودجەی ساڵی 2021 و دەبێتە هۆی پڕكردنەوەی بەشێك لەكورتهێنانی بودجە ئەگەر ئەو دەروازانە بكەونە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیەوە. 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە حكومەتی عیراق دەتوانێت لەرێگەی دانوستان لەگەڵ توركیا دەست بەسەر ئەو دەروازانەدا بگرێت بەبێ گەراندنەوە بۆ حكومەتی هەرێم، بەكۆنترۆڵكردنی ئەو دەروازانە پارەیەكی زۆر بۆ عیراق دەگڕێتەوەو كۆتایی بە گەندەڵی دارایی دەهێندرێت لەو دەوازانە.
سەعداوی روونیشیكردوەتەوە حكومەتی عیراق مافی خۆیەتی سكاڵا لەدژی توركیا تۆماربكات لەدادگای نێودەوڵەتی گەر هاوكاری عیراق نەكات لەو پرسەدا