٢٠٢١ دەبێتە ساڵی بێمووچەیی؟

کوردستان 21/11/2020

چاودێر

 

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشكرای دەکات، ڕەنگە ساڵی ٢٠٢١ ببێتە ساڵی بێمووچەیی و ڕاشیدەگەیەنێت، باشترین هەنگاوی حکومەتی هەرێم زامنکردنی مووچەی فەرمانبەرانە لە بەرامبەر تەسلیمکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و نیوەی داهاتی گومرگ.

 

دەقی نووسینەکەی ناوبراو:

ئایا عێراق ئامادەیە ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێرێت و حاکمەکانی ئێرەش خەریکی قاچاخی و بردنی داھاتی نەوت بن!


من تەمەننام دەکرد، حکومەتی عێراق ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی ناردبا! بەڵام ئەمە تەمەننایە بە ھەست و سۆز، نەک لێکدانەوەی وردی لۆجیکی! من دەزانم زۆرێک لە دڵسۆزی بیر لەم ڕێگایە دەکەنەوە، بەڵام ترسی من ئەوەیە لەبری ڕێگا دروستەکە، بەم بابەتەوە سەرقاڵ بین و ساڵی ٢٠٢١ ببێتە ساڵی بێمووچەیی!


چۆن؟

بیرکەوە... تۆ شیعەیت و بڕیاربەدەستی! ئامادەی لە داھاتی نەوتی بەسڕە پارە بنێریت بۆ مووچەی ھەرێم و دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم خەریکی قاچاخیی گومرگ بن و داھاتی نەوت ببەن بۆ خۆیان! بێگومان نەخێر. ڕەنگە بڵێیت با عێراق دەست بەسەر گومرگ و نەوت و خاڵی سنووریدا بگرێت و حکومەتی ھەرێم ھەڵوەشێتەوە بۆ ئەوەی مووچە بدرێت. دڵنیابە لەوەی ھیچ کام لە حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ ئەم بژاردە نین، بڕیاربەدەستەکانی عێراقیش ھەرگیز ئەم بژاردە تاقی ناکەنەوە.


بۆ زانینتان زۆرجار دەوترێ دۆسییەکان بنێرن بۆ کازمی، جگەلەوەی ئاگاداری دۆسیەی ئێرەو باشوریشە، دڵنیابە تاوەکو ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتییە، نەک ھەڵوێستێکی وا؛ ئامادە نییە لێدوانێکیش بدات دژی گەندەڵیی بەرپرسانی ھەرێم! چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێ وەربگرێت!


تاوەکو ئەم ساتە کازمی تەنیا نمایش دەکات، بپرسن دوای چوونی بۆ باشماخ و ئیبراھیم خەلیل چی ڕووی دا؟ گەندەڵی و قاچاخی زیادی کرد.


ڕەنگە ھەندێک کەس بڵێن دەی کەواتە با سلێمانی خۆی ڕاستەوخۆ مووچە وەربگرێت لە عێراق، دڵنیابن یەکێتی ھەرگیز ئەمە ناکات و تووند دەستی بەم حکومەتەی ئێستاوە گرتووە. ئەمەی من باسم کرد ڕەنگە بە خواستی زۆرینەی مووچەخۆران نەبێت، بەڵام من واقیعت بۆ باس دەکەم و ئەنجامیش دەبینین.


کەواتە حەل چییە؟
بە باوەڕی من بەدەر لەم ڕێگایە، بیر لە ھەر چارەسەرێک بکرێتەوە، لە ڕێگا ڕاستەکە دوورمان دەخاتەوە.


ڕێگای دروست
ئەم مانگە یاسای بودجەی ٢٠٢١ دێتە پەرلەمانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم گەرەنتی بکرێت و لە بەرامبەریشدا ھەرێم ئامادە بێت، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لێ وەربگیرێت و ٥٠٪‏ داھاتە فیدڕاڵییەکان بدات. پێویستە ئەوەی لە خەمی مووچەی خەڵکی کوردستانە دەنگ بەم بڕگەیە بدات. ئەمەریکا و ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش لەگەڵ ئەم بژاردەن. لە بەرامبەریشدا ھەڵمەتێکی گەورە دژی ئەم قاچاخی و گەندەڵییەی ناوخۆ بەرپا بکەین و من خۆم بە ھەموو توانام بۆ ئەم ئامانجە کار دەکەم.