زانیاری نوێ لەبارەی كاتی گەیشتنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم

ئابوری 19/11/2020

چاودێر
چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو،  320 ملیار دینارەكەی بەغداد رەوانەی هەرێم بكرێت و بەرپرسێكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش، دەڵێت " تاكۆتایی ئەمساڵ تەنیا یەك مووچە بەلێبڕینەوە دابەشدەكرێت".
بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێـتی مامۆستایانی كوردستان، لەئەكاونتی خۆی لەفەیسبووك، بڵاویكردۆتەوە، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو،  320 ملیار دینارەكەی بەغداد دەگاتە هەرێم،  هەر  لەكۆتایی هەفتەی داهاتوودا،  لیستی مووچەی مانگی 10  رادەگەیەنرێت،  بەو پێیەش هەفتەی یەكەمی مانگی 12، مووچە دابەشكردن كۆتایی دێت .
ئاماژەی بەوەشكردووە: واتە تا ساڵی تازە،  حكومەتی هەرێم،  بەیەك مووچە مانگەكانی 10 و 11 و 12 بەڕێدەكات،   حكومەتی ناوەندیش سێ مووچە دەدات.
هاوكات بەختیار سەعید، نووسەر، ئەوەی خستۆتەڕوو،"بەپێ سەرچاوەیەك لەدیوانی ئەنجومەنی وەزیران عیراقەوە، مستەفا كازمی رەزامەندی نیشانداوە بۆ پێدانی دوو مووچە بۆ هەرێمی كوردستان، هەرێمیش تەنها یەك مووچەیان پێویستە و ناتوانن دوو مووچە دابەش بكەن".
ئاماژەی بەوەشداوە، بەو پێە بێت هەرێمی كوردستان دەتوانیت بە هەزار ئەملاو لا، ئەویش بە 320 ملیار دیناری بەغداد مووچەیەك دابەش بكات بەبرینەوە، بەغداد ئەوەی لەلایەن پارلەمانتارانی كوردەوە پێگەیشتووە، كە 70%ی داهاتی خاڵە سنوورییەكان تەسلیم بە دارای هەرێم ناكرێت و، بەرپرسانی باڵای حزبەكان وەك مافیا دەستییان بەسەرا گرتووە.
جەختیشیكردۆتەوە: پارلەمانتارێكی كورد راپۆرتێكی 300 لاپەرەی تەسلیم بە عیراق كردووە، لەگەندەڵی و تاڵانی و فەرهوودی بەرپرسانی هەرێم.