هۆشداری دەدرێت لە كشانەوەی كتوپڕی ئەمریكا لە عیراق

ڕاپۆرت 18/11/2020

 چاودێر:

كاردانەوەكانی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە  لەناوخۆ و دەرەوە.

كریستۆفەر میلەر وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت گوتی: ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق 2500 سەرباز دەمێننەوە لە كۆی 3000 سەرباز، لە ئەفغانستان 2500 دەمێننەوە لە كۆی 4500 سەرباز.

لای خۆیەوە ینس ستولتنبرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ هۆشداری لە كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، گوتی: جارێكی دیكە دەبێتەوە بە پەناگەی ریكخراوە تیرۆرستە نێودەوڵەتییەكان لە كاتی كشانەوەی كتوپڕی هێزە بیانییەكان.

گوتیشی: ئێمە لە ئەفغانستان نزیكەی 20 ساڵە هەین، ئێمە وەك ناتۆ نامانەوێت بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنینەوە، بەڵام لەم كاتەدا كشانەوە باجی گەورەی دەوێت كە كاتەكەی زووە و بە رێگای ناهەماهەنگی بێت.

هێزەكانی پەیمانی ناتۆ لە ئەفغانسان 12 هەزار سەرباز بوون لە 38 دەوڵەتەوە كە پشتیان دەبەست بە سەرباز و ژێرخانی ئەمریكایی بەپێی رۆژنامەی واشنتن پۆست.

ناتۆ گومانی هەیە كشانەوەی ئەمریكا ببێتەهۆی كشانەوەی وڵاتی دیكەی پەیمانەكەش كە پشتیان بەستووە بە توانای لۆجستی ئەمریكا بەشێوەیەكی زۆر.

سەركردەی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا میتش ماكونیل هۆشداری دایە ترەمپ لەو هەنگاوەی كە دەبێتە دیاری بۆ بزوتنەوە توندڕۆكان.

گوتیشی: لێكەوتەكانی كشانەوەی ئەمریكا ئەمجارە گەورەترە لە لێكەوتەی كشانەوەی ئەمریكا بە بڕیاری سەرۆكی پێشوو باراك ئۆباما لە 2011 لە عێراق كە داعشی لێ بەرهەمهات.

ئەفغانستان لە ژێردەستی تاڵیبان بوو لەنەوەدەكان، پەناگەیەكی ئارام بوو بۆ بزوتنەوە توندڕەوەكان و سەركردە دیارەكانیان، گرنگترینیان سەركردەی قاعیدە ئوسامە بنلادن، دوای هێرشەكانی 11ی ئەیلولی 2001 ئەمریكا كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی هێنا.

ئەنتۆنی شێڤر عەقیدی خانەنشین و پسپۆڕی ستراتیژی لە ناوەندی لەندەن بۆ توێژینەوە بۆ كەناڵی الحورە گوتی: ئەرك لە ئەفغانستان تەواو بوو دوای كۆتاییهاتنی ئامانجەكە لە بەكارهێنانی هێز لەوێ لە 2001 دژی بزوتنەوەكە و روخانی بنلادن.

گوتیشی: دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە لە 2017 لە رێیەك دەگەڕا بۆ دەرچوون و گفتوگۆی لەگەڵ تاڵیبان كرد  و رێككەوتنی لەگەڵ كرد.

ناوبراو بە دوریشی زانی كشانەوەی زیاتری سەربازەكان كاردانەوەی خراپی هەبێت، چونكە هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ مانەوە لەوێ.

مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان دوو ئامانجی هەیە، یەكەم مەشق و راهێنان و پێشكەشكردنی راوێژ و هاوكاری بە هێزە ئەمنیەكانی ئەفغانستان لە پاڵ ناتۆ لە دژی تاڵیبان، دووەم روبەڕوبونەوەی هەڕەشەی تیرۆرستەكان لەلایەن داعش و قاعیدەوە بەپێی ماڵپەڕی ڤۆكسی ئەمریكایی.

جۆناسان شرودن پسپۆڕی كاروباری سەربازی گوتی: كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ 2500 سەرباز واتای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەركی مەشق و تەنها لە بواری روبەڕوبونەوەی تیرۆر دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد سوپای ئەمریكا هاوكاری پێشكەشی هێزە ئەفغانیەكان كردووە لە ماوەی رابردوو بەهۆی كۆرۆنا وەستاوە دەكرێت لەكاتی كشانەوە بەردەوامبێت.

بە رای شارەزایان روبەڕوبونەوەی هەڕەشەی تیرۆرستەكان دەوەستێتە سەر ئاستی پابەندبونی تاڵیبان بە رێكەوتنەكەی لەگەڵ ئەمریكا بۆ رێگری لە هێرشی گروپە تیرۆرستە نێودەوڵەتییەكان لە داهاتودا.  

ئیدمۆند فیتون براون رێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان كە چاودێری كارەكانی داعش و قاعیدە و تاڵیبان دەكەن، هۆشداری دا لە راپۆرتی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئایاری رابردوودا، كە داعش پارێزگاری كردووە لە بونی خۆی لە وڵات و پەیوەندی بە تاڵیبانەوە هەیە، جەختیكردەوە كە ئاشتی پشت دەبەستێت بە پابەندبوونی تاڵیبان بە روبەڕوبونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی.

شیڤر مەترسییەكانی دەربارەی تیرۆر لە ئەفغانستان كەمكردەوە، گوتی: كێشەیەك رووبدات ئەمریكا توانای گەڕانەوەی هەیە بۆ ئەوێ كە پێویست بكات.

لە بارەی عێراقەوە گوتی: ئەمریكا بە تەواوی پاشەكشە ناكات، توانای سەربازی دەمێنێتەوە، كشانەوە واتای پەراوێزخستنی عێراق نییە كە بیەوێت دەتوانێت هەركاتێك بوونی هەبێت لە عێراق.

لەبارەی توانای گەڕانەوەی داعش ناوبراو گوتی: ئەمریكا هێزی تایبەتی هەیە دەتوانن رێ لەوە بگرن، لە هەوڵەكانیان سەركەوتو بون لە دوای شكستی داعش، هەر كاتێك روداوێك هەبێت لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت كە پێویستە چ بكرێت كامە هێز پێویستە.

هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئێستا ئامانجیان مەشقە بە عێراقییەكان و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لە شەڕكردن دژی داعش و ملیشیاكانی ئێران.

شرۆڤەكاران رونیانكردەوە كە هێزە ماوەكان توانا و ئەزمونی پێویستیان هەیە لە مامەڵە لەگەڵ هەر رەوشێكدا لە عێراق كە روبدات.

راندا سەلیم پسپۆڕی كاروباری عێراق لە پەیمانگەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گوتی: ماوەیەكە كەمكردنەوەی قەبارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا بەردەوامە.

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ خواستی خۆی بەی كەمكردنەوەی هێزەكان نیشاندا لە عیراق و لە ئەفغانستان.

لە كۆبونەوەی دا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە واشنتن لە ئابی رابردوو ترەمپ گوتی: هێزەكانی ئەمریكا عێراق چۆڵدەكەن، بەڵام خشتەیەكی دیاریكراو نییە.

ئەمریكا هەزاران سەربازی لە عێراق لە 2014ەوە بڵاوكردەوە بۆ فەرماندەیی هاوپەیمانی دژی داعش.

تەنانەت دوای راگەیاندنی شكستی داعش لە كۆتاییەكانی 2017 هێزە ئەمریكایی و بیانییەكان بەردەوام بون لە مەشق بەهێزە نێوخۆیەكان و بۆردومان و پرۆسەی چاودێری لە دژی داعش.

لە كۆتایی 2018 نزیكەی 5200 سەربازی ئەمریكایی لە عێراق بوون لە كۆی 7500 سەربازی هاوپەیمانی دژی داعش.

دەیان هێرشی موشەكی دژی هێزەكانی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا بوو بەهۆی كوژران و برینداربونی ژمارەیەك سەربازی ئەمریكایی و عێراقی.