320 ملیارەكە بڕا " با ئەوانەی ئیدارەی هەرێم دەدەن چارەسەری بكەن"

ئابوری 12/11/2020

چاودێر
دواجار پارلەمانی‌ عێراق، بە زۆرینەی‌ دەنگ بڕیاری‌ بڕینی‌ ئەو 320 ملیار دینارەی‌ دا، كە مانگانە حكومەتی‌ عێراق،  تا كۆتایی ئەمساڵ رەوانەی هەرێمی دەكرد.
بەختیار شاوەیس، پارلەمانتاری‌ كورد، لەئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، رایگەیاند: بەداخەوە وەك پێسبینیەكەمان دەرچوو، 320 ملیارەكەی هەرێم بڕا، بەبێ پارەی هەرێم پڕۆژە یاسای قەرز تێپەڕی و بە زۆرینەی شیعە و سوننە یەكلاییان كردەوە.
وتیشی " تا بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەهەوڵەكانمان درێغیمان نەكرد، تەنها لەبەر خاتری موچەی فەرمانبەران و خەڵكی هەژاری كوردستان، بە بایكۆت و چوونە ژورەوە و هەوڵدان بۆ تێكدانی نیصاب، هیچ كەڵكی نەبوو".
روونیشیكردەوە،"با ئەوانەی ئیدارەی هەرێم دەدەن و هەڵگری ئەم سیاسەتە شكستخواردووەی نەوتن، فەرموو چارەسەری بكەن و مووچەی خەڵك دابین بكەن".