ئیسلامی و عەلمانیەكانی كوردستان چۆن لە ئازادی گەیشتون؟

ڕاپۆرت 28/10/2020

بەشی توێژینەوەی چاودێر:


لە فەرەنسای كانگای ئازادیەكاندا، لە فەرەنسای كاریگەریە شارستانیەكانی سەردەمی نوێدا، سێ بابەت بە مەرام لەرادەبەدەر وروژێنران: 1- بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرێك لەسەر پێغەمبەر (د.خ). 2- سەربڕینی مامۆستایەك. 3- بۆچونێكی سەرۆك ماكرۆن لەسەر ئیسلام.
ئەم سێ بابەتە دەهێنن لە گەرمەی وروژاندنیاندا، لێكدانەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و عەقیدەیی بۆ بكەین.
1-كاریكاتێر لە رۆژئاوادا ئازادە وەكو هەموو بیرێكی هونەری و فەلسەفی، لەسەر پێغەمبەرانیش ئازادە. ئەوان كە مەسیحین سەدان رەخنەیان لەسەر پێغەمبەرەكەیان هەبێ.. ئیتر رێگریی ناكەن لەهەر باس و خواسێكی تر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام.. یان جولەكە.. یان پەیامبەرانی نائاسمانی ئاینەكانی تر.
هەڵەی نوسەران و هونەرمەندە رۆژئاواییەكان لەوەدایە.. تائێستا نازانن.. ئاینی ئیسلام وەكو ئاینەكانی ئەوان چاكسازی نەكراوەو تێكەڵاوی شارستانیەتی نوێش لە دیموكراسی و سیستەم و ژیانی پێشكەوتوی كۆمەڵایەتی نەكراوە. بۆیە دەبوایە بزانن كاریكاتێر لەسەر پێغەمبەر (د.خ) هەتا ئێستاش هێڵی سورە.. سورترە لە ئاڵای سوری كۆمۆنیستەكان! تەنانەت نوسەرانی پێشكەوتوش لەوڵاتانی ئیسلامیدا لەباری دەرونیەوە، سوكایەتیكردن بە پێغەمبەر قبوڵ ناكەن. سوكایەتی لە بنەچەدا دژی ئازادیشە. هەر بۆیە هەندێ لە عەلمانیەكانیش لەگەڵ ئیسلامیەكان كەوتون.
2- سەربڕینی مامۆستا یان هەر هاوڵاتیەكی تر لای سەلەفیەكان (ئیسلامیە توندڕەوەكان) بۆتە خویەكی ستراتیژییان. بەڵام هەقە رۆژئاواییەكان و سەرۆكەكانیان سەلەفیە خۆكوژەكان و ئاینی ئیسلام و هەستی ئیسلامی ئاسایی جیابكەنەوە. تێكەڵاوكردنیان زیانی بۆ دیموكراتی و عەلمانیەت هەیە.
3-قسەكانی ماكرۆن..
ماكرۆن وتبێتی ئیسلام پێویستی بە گونجاندنەوەیە لەگەڵ گۆڕانكاریەكان. یان وتبێتی ئیسلام لەقەیراندایە، سەیرە لایەنە ئیسلامیەكان كردویانەتە ئەو رۆژەی ئومەویەكان مەككە و كەعبەیان داگیركرد.
ئەرێ هێزە ئیسلامیەكان ئەگەر ئیسلام لە قەیراندا نیە.. ئەگەر خوێندنەوەی جیاوازتان بۆ بنچینەكانی ئیسلام و تەنانەت بۆ هەندێك دەقی قورئانیش نییە.. ئەی ئەم هەموو لایەنە سیاسی و مەزهەبی و تەریقەتە ئەم هەموو دەسەڵاتە ئیسلامیە جیاوازانە بۆچی هەن؟
ئەوە نییە سەلەفیە خۆكوژەكان لەسەر بنەمای دەقی قورئان، رەشەكوژی ئەكەن؟ جیاوازی لەنێوان موسوڵمان و مەسیحی و كاكەیی و ئێزدی ناكەن. ئەوە نیە ئیخوان موسلمین لەگەڵ لایەنە جیهادیەكان (40) ساڵیشە ناكۆكن؟ ئەوە نیە شیعە و سوننە (500) ساڵە ناكۆكن. 
ئەوە نیە قادری و نەقشی سێ سەد ساڵە ناكۆكن؟ كوا.. زانكۆی ئەزهەری قاهیرە وەكو زانكۆی ئیسلامی سودان و حەوزەی عیلمی قوم و نەجەف بیردەكەنەوە؟ كوا.. شەریعەتی ئیسلام و مەزهەبی شیعەو سوننە لە یاسای وڵاتانی ئیسلامیدا، تەنها سەرچاوەیان خودا و قورئان و پێغەمبەرە؟ 
لەسەر خوێندنەوەی دەقەكان فەرمودەكانی پێغەمبەر.. شەرع و شەریعەت و ئیجتیهاد.. جیاوازی نێوانیان ئاسمان و رێسمانە. ئیتر تێناگەین قەیران چیە؟ یان ئاستەنگی ئیسلامی چیە؟
زیاتر لەهەزار ساڵە ئەم قەیرانە هەیە.. تەنانەت لەسەردەمی خوارجەكانەوە.. كە خەلیەفەكانی موسوڵمانان دەكوژران، تا گەیشتە سەرهەڵدانی ئومەویەكان و داگیركردن و ئەتك كردنی كەعبە. پاشان كوشتنی نەوەكانی پێغەمبەر و ئیمامی عەلی، هەتا دەگاتە ئەو هەموو شەڕ و شۆڕ و تاوان و كوشتارەی سعودیە، یەمەن، فەلەستین، بەغداد، ئیستەنبول، ئەفغانستان و ئێران.. تاد.  هەموو لەسەر لێكدانەوەی جیاوازی دەق و سوننەتە. خۆ موعتەزیلە لەسەر خورما خواردنی بەغدا قەڵاچۆ نەكراون!
ئەگەر ئەو مێژووە پڕ كوشتار و خوێناویە قەیرانی لێكدانەوەی دەق و فەرمودە نەبوبن، ئەی چین؟
بەڵێ.. ئیسلامیش وەكو ئاینێكی پیرۆزی خوداو پێغەمبەر، هەروەكو ئاینەكانی تر پێویستی بە گونجاندنە.. راستە بنچینەكانی ئاینی ئیسلام بۆ مرۆڤی ئیماندار پیرۆزن، بەڵام پیرۆزی نابێ رێگای گۆڕانكاری و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاریەكان بگرێت.. گۆڕانكاری دادگای ژیانەو ئاینیش خولیای رۆحە.
سەیرە لەچەند رۆژێكدا رەشەبای رقی رەش و تێنەگەیشتن لە ئازادیەكان هەڵكراوە. تەنانەت هەوڵ دەدرێ سیستەم و بیركردنەوەی فەرەنساو دەستورەكەشی بگۆڕن. لەم كاتانە دەرئەكەوێ وڵاتانی ئیسلامی بۆ چەقیون و بۆچی لەگەڵ دونیای نوێدا ناگونجێن؟ لەم كاتانە ئەزانرێ بۆچی ژن سەربەست ناكرێ و ژیان لە دەوری دەقە كۆنەكان ئەخولێتەوە. بەڵكو سەرچاوەی فەساد و دزی و تاوانیش ئەگەڕێتەوە بۆ بیری دواكەوتوو. بۆ بیری چەقبەستوو.
هەر بەراستی ئێمە لە كۆمەڵگای تەعزیە و پرسەی ئاشكراو رۆحیداین. ژیانمان بۆ مردن ئەوێ، نەك بۆ ئاسودەیی. پێچەوانەكەی راستە.. دەبێ بمرین بۆ ژیان نەك ژیان بمرێنین.
ئیسلامیەكان كە ناتوانن ئازادانە بژین، هیچ نەبێ دژی ئازادی فەرەنسا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و تەواوی جیهانیش مەبن.
ئاخر بۆ بیرتان ئەچێ فەرەنسا وڵاتی ئازادیەكان و فەیلەسوفە یاخیەكانە؟ ئەوان هەرگیز نایەنە سەر رێگەی چەقیوی سەدەكانی ناوەڕاست. مێژوو لە فەرەنسا و رۆژئاوادا باجی شەڕی ئاین و مەزهەبەكانی (500) ساڵە وەرگرتوە. تازە مێژوو مەحاڵە بگەڕێتەوە دواوە!!
تەنها پرسیارێك لە پەرلەمانتارەكانی یەكێتی دەكەین: ئەرێ بە هاوهەڵوێستیتان لەگەڵ ئیسلامیەكان، چیتان خستە سەر رێبازی سۆسیال-دیموكراتی یەكێتی؟