مەلا بەختیار: ئەگەرچی بە دەستور دیموکراسین، بەڵام لەکەشی گشتی کۆمەڵایەتیدا دیموکراسی بونی نییە

کوردستان 26/10/2020

مەلا بەختیار، ئێوارەی ئەمڕۆ (26/10/2020) لە گەلەری گروپی ھونەری دڵخواز ، پێشانگەی فێستیڤاڵی شارستانییەتی نێودەوڵەتی کردەوە، کە گروپی ھونەری دڵخواز بۆ ژمارەیەک ھونەرمەندی شێوەکاری شارەکانی ناوەراست و خوارووی عیراق و لوبنانی رێکخستبوو..
لە وتەیەکیشیدا، مەلا بەختیار، ھیوایخواست پیشانگەکە ببێتە مایەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ھونەرییەکانی نێوان ھونەرمەندانی عیراق و کوردستان و سەرەڕای کاریگەری قەیرانی دارایی و کۆی ھەلومەرجەکە، ئاستی ھونەری لەکوردستان بەگەشاوە ناوبردو ھاوکات ئاماژەی بە ژمارەیەک لەو ھونەرمەندە کوردانەش کرد کە لەسەر ئاستی ناخۆو نێودەڵەتیش خاوەن پێگەی دیار و ناسراون و بەمایەی خۆشحاڵی زانی.
پاشئەوەی بەگرنگیشەوە، لەپەیوەندی ھونەریی و رووناکبیری نێوان کوردستان و عیراق دوا، مەلا بەختیار، کاریگەری ھونەرمەندان و داھێنانە ھونەرییەکانی لەئۆرۆپا لەسەر بونیادنانی سیستمێکی دیموکراسی راستەقینە رونکردەوەو شۆڕشی نەھزەشی لەئۆرۆپا بەنمونە ھێناوە، کە لەبنەڕەتدا ھونەر بنچینەی شۆڕشی نەھزەی ئۆرۆپا بووەو وتی: بەبێ ھونەر، ناسنامەیەکی شارستانی راستەقینە لەھیچ وڵاتێکی دونیادا بونی نییە.
لەگەڵ ئەوەشی بەشێک لەمێژووی لایەنە ھونەریی و ئەدەبییەکانی عیراقی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەپێشڕەو ناوبرد، ھێماشی بۆ ئەوەکرد، کەھەر لەسەردەمی بەعسەوە تا ئێستا، سەرەڕای ھەبوونی توانایەکی زۆری داھێنەرانە، بەڵام بەھۆی نەبوونی دیموکراسی لەکەشی گشتی و کۆمەڵایەتی عیراقدا، نەتوانراوە ئەو توانا ھونەرییانە نمایش بکرێن. ئەگەرچی بە دەستور دیموکراسین، بەڵام لەکەشی گشتی کۆمەڵایەتیدا دیموکراسی بونی نییە، بەپێچەوانەوە ئەقڵیەتی تائیفی رۆڵی زاڵی ھەیە.