مووچەی مانگی داهاتوو زیاتر لە ٢١٪ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕدڕیت

کوردستان 25/10/2020

چاودێر

 

سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێم ئەم مانگە ٥٠٪ی داهاتی ناوخۆی لە مانگی پێشوو کەمترە و ئەوەش وا دەکات لێبڕینی مووچە ٢١٪ زیاتر بێت.

 

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێم کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا حکومەتی ھەرێم دەستی بە کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا دەستبە دابەشکردنی مووچە بکات، بەڵام وەزارەتی دارایی نایەوێت لەگەڵ ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، چونکە ئەو داھاتەی کە لەم مانگەدا کۆمان کردووەتەوە ٥٠٪ی کەمترە لەو داھاتەی کە حکومەت بۆ مووچەی مانگی ئەیلول کۆی کردبوویەوە، ھەروەھا مانگی پێشوو نزیکەی ٦٠ ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەدا تێپەڕ بوو کە مووچە دابەش کرا، ئەوەش وای کرد حکومەت بتوانێت زیاتر لە ٥٥٠ ملیار دینار لە داھاتی ناوخۆ کۆ بکاتەوە."


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەش دوا دەکەوێت، لە ھەمان کاتیشدا بە لێبڕینی زیاترەوە دابەش دەکرێت، ئەگەری ھەیە لە سەروو ٢١٪ـەوە بێت، چونکە بە وتەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ئێمە بە گوێرەی داھاتی بەردەست مووچە دابەش دەکەین، بۆیە داھاتی کۆکراوەی ئەم مانگە زۆر کەمی کردووە.