هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: هێزی شەڕکەرمان لەعیراق نیە

عێراق 19/10/2020

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق و سوریا بە سەركردایەتی ئەمریكا، پشتڕاستی كردەوە كە هیچ هێزێكی سەربازی شەڕكەری لە سەر خاكی عێراق نییە.

ئەمەش لە میانەی كۆبوونەوەیەكی جێگری فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژەنەڕاڵ كڤێن كەپسی و قاسم ئەلئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە بەغدا هات .

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی ئەلئەعرەجی، كە لە لایەن نوسینگەی ئەعراجی-ەوە بڵاوكراوەتەوە، كە هاتووە:"تەئكید دەكەینەوە كە هیچ هێزێكی سەربازی شەڕكەری لە خاكی عێراقدا نییە، كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش سنوردارە بە پێشكەشكردنی راوێژكاری"

كەبسی، وتیشی:"هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی هێزە عێراقییەكان دەكات لە ئەركەكەیان بۆ لەناوبردنی ئەو شانە تیرۆرستیانەی داعش ماون، بەتایبەت لە بواری بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، هەروەها بۆ دروستكردن و بەرزكردنەوەی توانا سەربازییەكانی عێراق و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكان"


هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم چەند مانگەی دواییدا زۆرێك لە هێزەكانی لە بنكەكانی لە عێراق پاشەكشە كردووە، لە دوای زیاتربوونی هێرشی موشەكی گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی شەعبی.