كێشەكانی گۆڕان و كشانەوەی خانەی راپەڕاندن

کوردستان 19/10/2020


نوسینی: ئازاد عەلی

بە جیابونەوەی خوالێخۆشبوو نەوشیروان و هاوڕێ‌ زیندوەكانی، جەزرەبەیەكی ترسناكی لە یەكێتی دا و خزمەتێكی بێوێنەی گەیاندە پارتی. لایەنە ئیسلامیەكانیشی نێرتر كرد. ئەم راستییە ئەو راستییە ناشارێتەوە كەوا گۆڕان، بە حوكمی كاریگەری كەسایەتی نەوشیروان، كە جگە لەوەی زۆربەی خەڵك دەنگوباسی شاخیان لەسەر نەدەزانی، هەتا جیابونەوەی گۆڕان (2009) هیچ پۆستێكی حكومەتیشی وەرنەگرتبوو، حكومەتیش، بۆ دۆڵی گەندەڵی هەڵدێرا بوو، ئەمانە وایان كردبوو نەوشیروان كاریگەری سیاسی زۆری هەبێ‌.
لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان توانی خەیاڵدانی دادپەروەری لای سەدان هەزار دەنگدەر دروست بكات. لە دوای راپەڕینیش یەكەمین بزاڤی لەوجۆرە بوو، بۆیە لە یەكەم بەشداری هەڵبژاردنیشدا (25) كورسیان حەڵاڵ كرد.
لەبەرئەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای كاردانەوە بەرامبەر گەندەڵی و نادادپەروەری دامەزرا بوو، زۆرتر كاری لەسەر ناڕەزایی خەڵك دەكرد.. ستراتیژەكەی لەڕوی چینایەتی و كۆمەڵایەتی و دیموكراسیەوە، جیاوازیەكی بنەڕەتی لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەبوو. بۆیە گۆڕان وەكو بزوتنەوەیەكی پۆپۆلیستی لوتكەی هەڵچونە جەماوەریەكەی گەیاندە 17/ی شوبات. دوو مانگیش پارێزگای سلێمانی و راپەڕین و گەرمیانیان سەرقاڵ كرد. سەرەنجام نەوشیروان بۆی دەركەوت ئاسنی سارد دەكوتێ‌. نەك پارتی و یەكێتی پێ‌ نەڕوخا بەڵكو گۆڕان لەناو خۆیان و خەڵكیشدا، هەتا دەهات لاواز دەبون. لەدوا هەڵبژاردندا رێژەی دەنگیان داكشا بۆ نیوە!
لە مێژوودا كەم لایەنی سیاسی هەیە بە ئەندازەی گۆڕان، لە ماوەی دەهەیەكدا چەندین جار پێچەوانەی پرنسیپەكانی خۆی بڕیاری دابێ‌. هەر لەو ماوەیەدا دووجار چونە ناو حكومەت (كە ئەیانویست بیڕوخێنن) سێ‌ جاریش لەگەڵ یەكێتی رێكەوتن (لێك تێگەیشتنی دەباشان، رێكەوتنی خۆجێی، رێكەوتنی دوو قۆڵی) كە سەرەتا ئامانجیان تێك و پێكدانی یەكێتی و تێكشكانی كەسایەتی مام جەلال بوو.
دوای دەركردنی سەرۆك و فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان و پشكیان لە حكومەت، وایان بردە هۆشی خەڵك كە ببڕای ببڕ لەگەڵ پارتی رێك ناكەوون. بەشێكی یەكێتیشیان بەو پروپاگەندەیە فریودا. بۆیە كاریگەری گۆڕان لەناو یەكێتی لەو دۆخەدا فراوانتر بوبوو!!
كەچی دەركەوت گۆڕان بە تاكتیك لە یەكێتی نزیك كەوتونەتەوە، بەڵام چاویان هەر لە رێكەوتن بوو لەگەڵ پارتی و حكومەتەكەی هەرواشیان كرد. ئێستا نوساوون بە حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێمەوە، بە هیچ پاڵەپەستۆیەك لێیان نابنەوە.
ساڵانی رابوردوو سیاسەتی هەڵبەزو دابەزو بە دروشمی دوركوژە، بۆیان چووە سەر. لە پاڵیشیا توانیان لە لایەكەوە یاری لەناو ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی بكەن. لە لایەكی ترەوە یاریان بەناكۆكیەكانی ناو یەكێتیش دەكرد. لەناو یەكێتیی دا كێشەكانیان قوڵ دەكردو زۆرتر دژی ئەو رەوتەی ناو یەكێتی بون، كە هەڵوێستیان بەرامبەر جیابونەوە و هەڵەكانی گۆڕان هەبوو. بەردەوام لەگەڵ تەكەتولەكانی ناو یەكێتی بۆ لێدانی رەوتە بە هەڵوێستەكەی ناو یەكێتی هاوكار بون. راگەیاندنی خۆشیان دژی ئەم رەوتەی یەكێتی ناو یەكێتی بێ‌ پەروا خستبووە گەڕ! بەڵام تەواوی ئەو سیاسەتانە ئەمساڵ وردە وردە گەیشتە بن بەست. چۆن؟
ـ پارتی دوراو دور بەدەسەڵات پێ‌ بەخشین و پلەو پایە، بەشێكی گۆڕانی دەستەمۆ كردووە.
ـ یەكێتی وەكو جاران هاوكاری شەڕەنگێزەكانی گۆڕان ناكات.. چونكە ئەو رەوتەی لەگەڵ گۆڕان دا هاوكار بوو، ئێستا خۆیان باڵا دەستن و گۆڕان بە پاڵپشتی پارتی دەزانن.
ـ حكومەت دوچاری قەیران بوە و یەك بڕیار و رێكەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی و حكومەت جێبەجێ‌ ناكەن.
ـ رای گشتی لەم قەیرانەو لەكاتی پاشەكەوتی موچەدا قوڵتر تێگەیشتن كە گۆڕان گەیشتۆتە بن بەست و لایەنی كەمی بەڵێنەكانی دامەزراندنی پێ‌ جێ‌ بەجێ‌ ناكرێ‌.. بەڵكو لەبەرهەڵستیەوە بۆ دەسەڵاتداری هەڵگەڕاوەتەوە!
ئەو راستیانە هاوكاتی دەركەوتنی گەلـێ‌ راستی سەبارەت بە كەسایەتی نەوشیروان مستەفا لە شاخ و شار، بەتایبەتی  كە تەواوی موڵكەكانی خستە سەر مناڵەكانی، بەمەش ئیتر وەكو رابەرێكی كاریزمای بێگەرد لە بەرچاوی خەڵك و لایەنگری گۆڕانیش نەما. 
ئەو روداوانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی جۆراوجۆری ناوەتەوە. لەدوا كۆبونەوەی جڤاتی گۆڕان.. لە لایەكەوە رەخنەی زۆر لە مستەفا سەید قادر گیراوە، لەسەرئەوەی سور بووە لە حكومەت بمێننەوە. هاوكات قسەی زبر كەوتۆتە نێوان ئاواتی شێخ جەناب (وەزیری دارایی) و بەشێكی بەرهەڵستكاری جڤاتەكە!.لەسەر ئەوەی لە حكومەت بمێننەوە یان ببنەوە موعارەزە، لە دوای مردنی نەوشیروانەوە، ناكۆكیەكانیان نەك چارەسەر نەكراوە، بەڵكو قوڵتریش بووە و سەرەنجام:
1- سەركردە دیار و كاریگەرەكانیان (قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود) و بەشی زۆری كادیرەكانی دەرەوەی وڵات و هەولێر و گەرمیان و سلێمانیان بە هەڵوێست دوركەوتونەتەوە.
2- فراكسیۆنی پارلەمانی عیراقیان، زۆربەیان دژی رێكخەرو پەیڕەوانی مانەوەیان لە حكومەتی هەرێم.
3- فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانیان بونەتە دوو بەش لەسەر سیاسەتە هەڵەكانی گۆڕان و بڕیارە سەپێنراوەكانیان.
4- لە (64) ئەندامانی جڤاتی گشتی كە نەوشیروان لە كاتی خۆیدا دای ناوون (نەك هەڵبژێردرابن) ئێستا (18) كەسی رەسەنیان ماوەتەوە. باقیەكەی وازیان هێناوە یان مردوون.
5- بەشی زۆری رایەڵ و مەكۆكانی شارەكانیان یان داخراوون. یان بایەقوش لەسەریان دەنیشێتەوە!.
6- لەم مانگەشدا.. چوار ئەندامی خانەی راپەڕاندنیان بەناوی مۆڵەتەوە، چونەتە خانەی خۆیان و ئامادەی كۆبونەوەكان نابن. ئەوانەش: 1- عەدنان عوسمان 2- شەماڵ عەبدولوەفا 3- جەلال جەوهەر 4- دەرباز محەمەد (وەزیری پێشووی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق).
ئەوانەی چاودێری گۆڕان دەكەن پێیان وایە كێشەكانیان لەم دۆخەدا.. بنەڕەتین. بە پینەو پەڕۆ یان بەدەربەست بون بە كاریگەری رابردوی نەوشیروان، وەكو كاریگەری كەسایەتی چارەسەر ناكرێ‌. بەڵكو یەكاڵا بونی كێشەكانیان.. رەخسیوە!!.