چارەنووسی ئیدلب لەنێوان ململانێكانی توركیا و روسیادا

ڕاپۆرت 19/10/2020

چاودێر:

سەرچاوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئاشكرایان كرد كاروانێكی هێزەكانی سوپای توركیا چونە ناو ناوچەی "پۆتن- ئەردۆغان"ەوە لە دەروازەی كفرلوسین لە سنوری باكوری ئیدلب.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد كاروانێكی هێزە سەربازییەكان چون بەرەو ناوچەی جۆزف لە جەبەل زاویە و لەوێ بڵاوەیان پێكراوە.

لەلایەكی دیكەوە ئامێر و ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان كە هەڵگری سەرباز و كەرەستەی سەربازین گەیشتنە ناوچەی جەبەل زاویە لە بەری خۆرهەڵاتی نزیك رێگای ئۆتوستراد لەنێوان حەلەب و دیمەشق.

پێشتر روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد هێزەكانی توركیا جێگیربوون لە خاڵی مورك كە لە ژێر دەستی هێزە حكومییەكاندایە لە ریفی باكوری حەما و دەستیان بە ئامادەكاری كردووە بۆ كشانەوە لەوێ، كە گەورەترین خاڵی سەربازیە لە باكوری حەما، كە نزیكەی 2 ساڵ و 4 مانگە لەوێن.

ئەو كشانەوەیە هاوكاتە لەگەڵ داوایەكی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ كشانەوەی هێزە حكومییەكان لەسەرجەم ئەو ناوچانەی لە نیسانی 2019 دەستیان بەسەرداگرتوون و هەڕەشەی دوورخستنەوەیانی كردووە لە حاڵی نەكشانەوەیان.

پارێزگای ئیدلب تاكە پارێزگای سوریایە لە بن دەستی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا ماوەتەوە.

لە دوای شۆڕشەكانی بەهاری 2011 ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوریا زۆرینەی خاكی سوریای دەستبەسەرداگرت و شەڕ لەنێوەڕاستی دیمەشق نزیكبووەوە.

دواتر ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوریا بوونە چەندین گروپ لەوانە داعش، بەرەی نوسرە و هێزە كوردییەكان و وردە وردە سوریاش بووە چەند بەشێك لەوانە، ناوچەی كوردی، ناوچەی داعش، ناوچەی بەرەی نوسرە و ناوچەی رژێم و چەند ناوچەیەكی دیكەی تایبەت بە گرووپە چەكدارەكانی دیكە، زۆرینەی ئەو ناوچە و گروپانە لەلایەن وڵاتانی دەرەكییەوە پشتیوانی و هاوكاری دەكران.

لەگەڵ دەستوەردانی راستەوخۆی روسیا لە بەرژەوەندی رژێمی سوریا و بەردەوامی هاوكارییەكانی حزبوڵڵا و ئێرانیش و دروستبوونی ناسنامەی تیرۆر بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا، وردە وردە رژێمی سوریا لە ماوەی چەند ساڵێكدا زۆرینەی ناوچە و پارێزگاكانی گرتەوە لە گرنگترینیان پارێزگای حەلەب بوو.

ئێستا پارێزگای ئیدلب لە ژێر دەستی ئەو گروپە چەكدارانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە كە زۆرینەیان توندڕەون و لەلایەن توركیا و قەتەرەوە پشتیوانی دەكرێن.
پارێزگای ئیدلب بووە بەشێك لەو ناوچانەی لەلایەن روسیا و ئێران و توركیاوە رێككەوتنیان لەسەر كراوە.

پەیوەندی و ململانێكانی روسیا و توركیا بە تەنها لە سوریا نەماوەتەوە، گەیشتووەتە لیبیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا، بۆیە چاودێران پێشبینیدەكەن، چارەنووسی ئیدلب بەستراوەتەوە بە ململانێكانی روسیا و توركیا و رێككەوتنی كۆتایی ئەو دوو وڵاتەوە لەسەری.

هەرچەندە رژێمی سوریا بەردەوام جموجۆڵی هەیە لە دەوروبەری پارێزگای ئیدلب بۆ زیاتر پێشڕەوی و گەمارۆدانی شارەكە، بەڵام ناتوانێت ئەو چوارچێوەیە ببڕێت كە روسیا دیاریكردووە و لەگەڵ ئەنقەرە لەسەری رێككەوتوون.