لە زستاندا کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات

کوردستان 18/10/2020

چاودێر

 

بەرپرسانی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاشكرای دەكەن، بەرنامەی تایبەتیان بۆ پێدانی كارەبا لە وەرزی زستاندا دەبێت و بەهۆی زیادكردنی چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنان زستانی ئەمساڵ پێدانی كارەبا زیاتر دەبێت لە پارساڵ.


ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو یەكانەی كارەبا كە زیاد كراون ئێستا لە كاركردن بەردەوامن و لە بەرنامەشدایە 500 مێگاوات كارەبای دیكە زیاد بكەن، بەوەش پێدانی كارەبا زیاتر دەبێت.


وتیشی: "لە هەرێم پێچەوانەی وڵاتانی دیكە زۆرترین خواستی بەكارهێنانی كارەبا لە وەرزی زستاندایە، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێدانی كارەبا زیاتر دەبێت لە پارساڵ."