بڕیارێک لەبارەی مووچەی زیندانییانی سیاسییەوە درا

کوردستان 18/10/2020

چاودێر

 

وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕای دەگەیەنێت، مینحەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی كە هیچ مووچەی تریان نییە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 18ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بەلەبەرچاوگرتنی بژێویی ژیان و گوزەرانی زیندانییانی سیاسی، ئەوانەی تەنیا لە مینحەی زیندانییانی سیاسیی سوودمەندن و هیچ مووچەی تریان نییە و بە هیچ شێوەیەكی تر سوودمەند نین لە داهات و گەنجینەی حكومەت، مینحەكانیان بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، ئەو مینحەیە بە مەرجێكە دواتر لە لایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هاوئاهەنگیی لایەنە پێوەندیدارەكان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە  و بەخشین و ماف و ئیمتیازەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان- عێراق پێداچوونەوە بە لیستی ناوەكان بكرێت و پشتڕاستی شایستەبوونیان بكرێتەوە و كەسانی ناشایستە دیاری بكرێن تا كاری پێویست ئەنجام بدرێت بە ئامانجی بەدیهێنان و پێڕەوكردنی دادپەروەری.