ئەو شۆفێرەی دووكەسی كوشت دەستگیر كرا

کوردستان 18/10/2020



چاودێر:
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند،  ئەو شۆفێرەی كە دوو كەسی كوشتبوو پاشان هەڵهاتبوو، توانیان دەستگیری بكەن.

 ئەمرۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بنكەی پۆلیسی شادی لە رۆژئاوای شارەكە دوای ئەوەی لە بونی روداوێكی هاتوچۆ لە ترافیكلایتی مەخمور ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی روداوەكە و دەركەوت كە شوفێرێك بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (ئۆمیگا) بە ناوی (م.ب.م)، لە شوفێرێك و سەرنشینی ماتۆڕێكی بە ناوەكانی دیلمان عەبدولستار محەمەد و رێباز ئازاد ئیسماعیلی داوە و هەردوكیشیان گیانیان لە دەستدابو و شوفێری ناوبراویش هەڵاتبو.
ئەوەش رونكراوەتەوە، دوای روداوەكە تیمێكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و توانرا بە كەمتر لە 2 كاتژمێر شوێنی تۆمەتبارەكە دەستنیشان بكەن و دەستگیری بكەن.
 لەئێستادا تۆمەتبارەكە، دانی نا بە تاوانەكەیدا و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (24)ی هاتوچۆ، راِگیرا و ڕادەستی یاسا كرا.
پۆلیس جەخت دەكاتەوە، هیچ كەسێك دەرفەتی ئەوەی بۆ ناڕەخسێت لە دەست یاسا هەڵبێت و هەر كەسێك تاوانێك ئەنجام بدات، وێڕای دەستگیركردنی، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت و روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە.