دوای سوتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا هۆشیار زێباری ڕوونکردنەوە دەدات
چاودێر
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە بە هۆی ناڕەزایەتی لە لێدوانێکی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای پارتییان لە بەغدا سوتاند، هۆشیار زێباری ڕوونکردنەوە دەدات.
ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی العهد ڕایگەیاندووە: "پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و تێکۆشەرانیدا هەیە. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستوورییە و نکۆڵی لە هەوڵەکانی ناکرێت لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا و لەو بەرنامەیەدا دەربڕینەکەم خیانەتی لێ کردم."
دەشڵێت: "حەشدی شەعبی هێزێکی تێکۆشەرە."
پێشتر هۆشیار زێباری ڕایگەیاندبوو، کە ئەوانەی لە بەغدا هێرش دەکەنە سەر دبلۆماتکاران هەر ئەوانەشن هێرشیان کردبووە سەر هەولێر بە مووشەک، بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی پێنجی پارتییان لە بەغدا سوتاند.