وادەی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکانی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری راگەیەنرا

ڕاپۆرت 04/10/2020

چاودێر
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازاد هەورامی، لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، بە ئامادەبوونی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕمی دابڕان و سەرۆک و ئەندامانی پلاتفۆڕمی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری، کۆبوونەوەیەک کرا و تیایدا بڕیار درا ڕۆژی ٥ـی ١١ هەردوو کۆنفرانسی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری لە ماوەی دوو ڕۆژدا بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچن.
لە سەرەتادا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕمی دابڕان پەرۆشیی خۆی بۆ ئەو بارودۆخە دەربڕی کە کۆرۆنا دروستی کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ڕێژەی تووشبوون مردن بە کۆرۆنا زیاد دەکات، وەک ئاماژەی بەوەش دا کە حکومەتی هەرێم لە زۆر حکومەتی تری دونیا باشتر ڕووبەڕووی پەتای ڤاترۆسی کۆرنا بووەتەوە.
دواتر مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە دا کە وتارێکی لەسەر نووسراوە و باسی لەوە کردووە، زۆر پێشنیار چووەتە بەردەمی ناوبراو وەک دروستکردنی هێز و کۆکردنەوەی پارە و بەخشینەوەی، بەڵام مەلا بەختیار بەلای مەدەنیەت و ڕۆشنگەری و پرسی دیموکراسییەتدا ڕۆیشت. باسی لەوەش کرد، بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی "لەبری بیرەوەری" و ئەو کاردانەوانەی لێی کەوتەوە کەسانی مەدەنیخوازی جیا کردەوە و خستنیە بەرەیەکەوە. ڕوونیشی کردەوە کە بە بێ ئەوەی بە هیچ کەسێک بڵێن بەرگریی لێ بکەن، ١٨٥ وتار دەربارەی کتێبەکەی نووسراون کە بەرگرییان لێ کردووە و زۆریشی لەسەر نووسراوە کە ڕەخنەیان لێ گرتووە.
مەلا بەختیار نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەوەی کە گفتوگۆ و ڕەخنەگرتن بەو شێوەیەی کرا "ئازادیی ویژدانی" تێدا پەیڕەو نەکرا، وەک ئەو وتی، تەنانەت لە دەستووری عێراقدا کە بەسەر بەرەوەی مەزهەب و دین و مەدەنیەت و عەلمانیەتدا دابەش بووە ئازادیی ویژدان پارێزراوە و مام جەلال و د.فواد مەعسوم داڕێژەری ئەو خاڵە بوون، بەڵام لەناو خەڵکی ئێمەدا هێشتا ئازادیی ویژدان گرنگیی پێ نەدراوە.
وتیشی: "من لە کتێبەکەی خۆمدا هیچ نەوتراوێکم نەوتووە، دوای ٣٥ ساڵ بێدەنگی لەسەر ئەو شتانەی وتراون ڕاو بۆچوونی خۆم و دیدگای خۆمم دەربڕیوە، لەم ماوەدا کتێبی "شەڕی ناوخۆی کورد" بڵاوبۆتەوە، زۆر زیاتری لە کتێبەکەی من وتووە، بەڵام ئەو سەدان بروسکەیەی سەڵاح ڕەشی لە کتێبەکەیدا بڵاوی کردوونەتەوە من ٢٠ ئەوەندەم لایە، بەڵام هەندێکیان ئەخلاقی سیاسیم ڕێگەم لێ دەگرن بڵاویان بکەمەوە و وەک ئێستاش کە هەندێک لەسەر کتێبەکەم دەڵێن ئەو ڕووداوە وا نییە، مەجبوور دەبم هەندێ بروسکە بڵاوبکەمەوە تا بیسەلمێنم کە وایە."
باسی لەوەش کرد، ڕاستە لە کتێبەکەدا هەندێ بۆچوونی مام جەلالم هەڵسەنگاندووە، بەڵام مام جەلال خۆی ئەوەی فێرکردنی کە وتی لە منەوە دەست پێ بکەن و هەر ئەویش پارکی ئازادیی بۆ هەمان مەبەست دروست کرد و ڕخنەش بنەمای پێشکەوتن و کرانەوە و دیموکراسییە و ئەوروپاش بەو ڕێچکەیە بووە بەو ئەورووپایەی ئەمڕۆ.
دەشڵێت: "بەڵێ ئەوە ڕاستە کە بەبێ مام جەلال هیچ بڕیارێک نەدراوە لە پرسە هەستیارەکاندا، تەنانەت جاسوسیش بێ پرسی ئەو نەکوژراوە، ئێ ئەو سەرۆکی ئێمە بووە ئەگەر وا نەبوایە واتا ئێمە حزبێکی بەرەڵڵا بووین، بەڵام ئەو زۆریش بەخشندە بوو و لە سەدان کەسیش خۆش بوو."
سەبارەت بە شەهیدەکانی ئاڵای شۆڕش، مەلا بەختیار وتی: "ئاڵای شۆڕش ٤٤ شەهیدی هەیە، هەندێکیان بە پێشمەرگایەتی شەهید بوون و هەندێکیان ڕەمی کران، کێ بەڵگەی جاسووسیی ئەوانی لایە با ئاشکرای بکات و من ئەوکاتە داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام من سەدلەسەد دڵنیام شتی وا بوونی نییە و ئەوان بە ناحەق ڕەمی کران و شەهید کران."
ڕووداوێکیش دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "زۆر قسە لەسەر حەیدەر و عیدان و ئەکرەم دەکرێن کە خۆفرۆش بوون، بەڵام ڕووداوەکە بەم جۆرەیە: برایەکی حەیدەر خۆفرۆش بووە، کۆڵەپشتێک دادەنێت و کاتێک نەوشیروان مستەفا و فواد مەعسوم بەو شوێنەدا تێدەپەڕن دەیتەقێنێتەوە، لە لێکۆڵینەوەدا یەکێک لە حەیدەر و عیدان و ئەکرەم دەڵێن پێشتر ئەو کۆڵەپشتەیان بە براکەی حەیدەر بینیوە، ئەوان لەسەر ئەوە دەکوژرێن کە بۆچی پێشتر نەیانوتووە کۆڵەپشتەکەیان بەو برایەی حەیدەرەوە بینیوە."
مەلا بەختیار ڕاشیگەیاند کە گرنگە ئەو جۆرە ڕەخنەگرتن و قسەکردن بۆ تێڕوانین لە مێژوو و فکر بگۆڕینە و بە ئەرکی زانی کە دەبێت ئەوانەی جنێو دەدەن تێیان بگەیەنین کە بە جنێو مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ ڕەخنە و مێژوو ناکرێت. دەشڵێت: "من تکا دەکەم هیچ کەسێک مەیلی بەشداریی هەیە لەو بارودۆخەی کتێبەکەی من دروستی کردووە جنێو بە جنێو وەڵام مەدەنەوە بەڵکوو بە عەقڵ وەڵام بدەنەوە."
ئاشکراشی کرد، "بە تەمای دروستکردنی حزب نیم و لە دابڕاندا خەبات تەنها بۆ ڕۆشنگەری دەکەم."
دواتر هەریەکە لە سەرپەرشتیارانی پلاتفۆڕمی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری ڕوونکردنەوەیان بە شێواز و ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکانیان دا کە لە ٥ـی ١١ دا دەبەسترێن و لە دوو ڕۆژدا ئەنجام دەدەرێن، ڕۆژی یەکەم بۆ فیمینیزمی ڕۆشنگەری دەبێت و ڕۆژی دووەمیش بۆ کۆنفڕانسی دابڕان.
هەردوو کۆنفڕانسەکە تیشک دەخەنە سەر بابەتەکانی فکر و ڕۆنشگەری و فەسلەفە و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا و توێژینەوەکانیش لە ناوخۆ و دەرەوە بە زمانی جیا جیا ئامادە کراون.
کۆنفڕانسەکان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچن و بەشێک لە میوانەکانیش بە ئۆنلاین توێژینەوەکانیان پێشکەش دەکەن