ئەو هاوڵاتییە کوردەی سوپای تورک لە هێلیکۆپتەر فڕێیدایە خوارەوە گیانی لەدەستدا

کوردستان 30/09/2020

چاودێر:

 

دوای ئەوەی لە هێلیکۆپتەر فڕێدرایە خوارەوە و ٢٠ ڕۆژ لەژێر چاودێریی وردی پزیشکییدا بوو، ئەمڕۆ سەرڤەت تورگوت گیانی لەدەستدا.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز، ڕۆژی ١١ی ئەیلول لە هەرێمی شاخێ-یوان و هەرێمی ئەلکێ-ی سەر بە شرناخ سوپای داگیرکەری تورک دەستیان بە هێرشی سەربازیی کرد، لەو هێرشەدا سەربازانی تورک دوو هاوڵاتییان بە ناوەکانی عوسمان شیبان و سەرڤەت توورگوت دەستبەسەر کرد.

 

پاش دوو ڕۆژ، ئەو دوو هاوڵاتییە بە برینداری لە نەخۆشخانەی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی وان بینران، لە ڕاپۆرتی نەخۆشخانەکەدا لە سەر ئەم دوو کەسە کە بە شێوەیەکی زۆر سەخت بریندار بووبوون هاتووە، کە سەرڤەت و عوسمان لە هێلیکۆپتەرەوە فڕێدراونەتە خوارەوە و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراون.

 

سەرڤەت تورگوت کە باوکی حەوت منداڵە لە پاش ٢٠ڕۆژ مانەوەی لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی لێکۆڵینەوەی وان، بەهۆی زۆریی ئەشکەنجە و سەختیی برینەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.