ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆچی نەیتوانی کۆببێتەوە؟

کوردستان 30/09/2020

چاودێر:

ئەندامانی ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکەیان کرد و نەچوونە ژووەرەوە، چونکە لایەنی بەرپرس لەدارسنەوبەرەکانی سلێمانی بانگێشتی کۆبوونەوەکە نەکرابوو.

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ چوار شەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنى پارێزگا بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و نەچوونە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکەوە.

 

لەپاش ئەوە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەیامێکیان بڵاوکرادەوە و جەختیان لەئەوەکردەوە، پێویستە لەکۆبوونەوەکەدا لایەنی بەرپرس لەدارسنەوبەرەکانی سلێمانی ئامادەبێت، ئەگەرنا ئەندامانی ئەنجومەن ناچنە نێو کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە.

 

تاکە داواکاری ئەو ئەندامانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەبوو، کە دەبێت لەکۆبوونەوەی دواتردا لایەنی بەرپرس بانگێشت بکرێت.

 

لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنەکە، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوادەخەن، ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت، کە وازیان لە کەیسی سوتانی دارسنەوبەرەکان هێنابێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کارنامەی کۆبوونەوەکە بەوجۆرەبوو کە ڕاپۆرت و یاداشتی ئەندامانی ئەنجومەن لەبارەى سووتانی دارەکانەوە بخوێنرێتەوە، دواتر بڕیاربدەن کە هەنگاوی دواتریان چی بێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى ڕابردوودا بەشێک لەدارەکانی چیای گۆیژە و دارەکانی ڕێگای ڕاپەڕین سلێمانی سووتان، ئەمەش نارەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە و داواکرا هەرچی زووە، بکەرانی ئەو کارە سزابدرێن، چونکە بۆچونێک هەبوو کە دەستێک لەپشت ئەو کارەوە هەبێت، بەڵام بەرپرسانی حکومی ڕەتیان کردەوە دەستی ئەنقەست لەپشت ئەو کارەوە هەبووبێت.