سلێمانی ..دەست بەسەر بڕێكی زۆر برنجدا دەگیرێت

کوردستان 30/09/2020


چاودێر:

بەهۆی خراپ عەمباركردنیانەوە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕیكی زۆر برنجی جۆراوجۆردا دەگرن و لەناوی دەبەن.

بەهار رەمەزان، سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:‌ لیژنەكە دەستی بەسەر (74) فەردە برنجی جۆراوجۆردا گرتوە كە بەهۆی خراپ عەمباركردنیانەوە ئەسپێ لێی داوە، بەڵام خاوەنەكانیان بەنیازبون برنجەكان لەبازاڕەكانی شاری سلێمانی بەسەر هاوڵاتیاندا ساغ بكەنەوە.

وتیشی: پێیوستە ئەو شوێنانەی خواردەمەنی تێیدا عەمبار دەكرێت پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بێت، بۆ ئەوەی زیان لە‌ بازرگانیی خۆی نەدات و كاڵاوشمەك و خواردەمەنی خراپیش بەهاوڵاتیان نەفرۆشێت، بەپێچەوانەوە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە روبەڕوی رێكارە یاساییەكان دەكرێنەوە.

ئاماژەی بەئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی برنجەكە لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

سەرۆكی لیژنەی كۆگاكان، داوا لەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات بۆپاراستنی سەلامەتی خۆتان و منداڵەكانتان لەكاتی هەبونی گومان لەسەر ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانەی رۆژانە دەیكڕن و بەكاریدەهێنن، لەڕێگەی ژمارە (07708677777) لیژنە هاوبەشەكان ئاگاداربكەنەوه.