مەلا بەختیار چەند نهێنیەکی دیکەی مێژوویی ئاشکرادەکات

کوردستان 29/09/2020

رووداوەكان وەكو خۆیان باس بكرێن

نوسینی: مەلا بەختیار


یەكەم: لەمەڵبەندی یەكدا، رێككەوتبوین كە حزبی شیوعی بەشێك نەبن لەشەڕی جود، لەناوچەی بەركێو.. شارباژێڕی سەخت، سەرەڕای فشاری حزبەكەیان لەسەریان، بێلایەن مانەوە. لەناوچەی قەراغدا، هێزێكی شیوعییەكان لەژێر فشاری مەكتەبی سیاسیان، تاوانیان بەرامبەر سێ‌ شەهیدی یەكێتیی كرد، نەك ئیدانەمان كرد، بەڵكو بڕیاریشماندا دەست لەو بكوژانە بوەشێنین. بەڵام خۆیان بۆ شارەزوورو سورێن دەرباز كرد، دوای ئەوەی ماوەیەك خۆیان لەقۆپی شاردەوە. 
دووەم: شەهید حەمە پشتەیی لەگەڵ من نەكەوتە بۆسەوە، من لەسەركردایەتی بووم.. لەدۆڵی پەرخ، رووبەڕووی هێزێكی پارتی- حسك بوویەوە، ئازا بوو، خۆی نەدا بەدەستەوە هەتا شەهید كرا.
سێهەم: ئەو ماوەیەی شیوعییەكان لەقەراغ بوون بەفەرماندەیی (حەمە قەراغی) نەم بیستووە، هیچ شەڕێكیان دژی یەكێتیی كردبێت. زۆریان زیندوون، باقسە بكەن.
چوارەم: وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم.. لەبەرئەوەی دەستەگەری لەناو یەكێتیدا قوڵ بووبوو، وەكو بەرپرسی دەستەی كارگێڕ، دەسەڵاتماندا بەمەڵبەندەكانی پارێزگاكان كاندید بۆ وەزیری هەڵبژێرن.
*هەولێر- دەرباز كۆسرەتیان هەڵبژارد.
*كەركوك-دكتۆر یوسف گۆرانیان هەڵبژارد.
*دهۆك- خالید دۆسكییان هەڵبژارد.
*سلێمانی- هێرۆخان، دكتۆر رێكەوتیان هەڵبژارد.
*شارەزوور- مەحمودی حاجی ساڵحیان هەڵبژارد.
پێنجەم: حەمە رەشید.. مناڵەكانی مافی ئەوەیان هەبوو، خانەنیشینی باوكیان وەربگرن. ئاشكرایە كە نەوشیروان كوشتی، لەبەرئەوەی كوشتنەكەی رەوایی تیابوو، چونكە بە بەڵگە خەڵكی بەگرتنداو لەسێدارەش دران. من وەكو شەهیدێكی غەدر لێكراوی ئاڵای شۆڕش، لەكتێبەكەمدا، ناوم نەهێناوە. نەشم نوسیوە نەوشیروان غەدری لێكردووە.
شەشەم: سەبارەت بەكاوەی جیهاز.. ئاگادارنیم چۆن و لەسەرچی كوژراوە؟ فەرموو راستییەكانی لەسەر باس بكرێ‌.
حەوتەم: سەبارەت بە ئاسۆ و هاوسەرەكەی، فەرمون لەئاسایشی گشتی ئەوسا بپرسن، چۆن بەفەرمانی مام جەلال.. لەسەر ئەوەی بە بەڵگەوە گیران كە ویستبویان من بكوژن.. كوژراون.. من ئەوكاتە ئەندامی سەركردایەتی بووم، دەسەڵاتی بڕیاری كوشتنی كەسم نەبووە، هیچ گیراوێكیش بەبێ‌ رەزامەندی مام جەلال نەدەكوژرا.
هەشتەم: ئاڵای شۆڕش.. سەدان كادرو ئەندامی هەبوو، لەدوا پلینیۆمی هەولێر، پێش یەكگرتنەوەی لەگەڵ یەكێتی، كە زیاتر لە 400 كادرو ئەندام ئامادەبوون، مامجەلال ‌و نەژادی ئەحمەدی عەزیز ئاغا (جێگری سەرۆكی پەرلەمان) ئامادەبوون. هەشبوون یەكگرتنەوەیان لەگەڵ یەكێتی قبوڵ نەبوو، چەند دڵسۆزێكیان چوونە ناو پارتی، هەندێكیش بێلایەن دانیشتن، بەڵام سەدان ئەندامی ئاڵای شۆڕش یەكگرتنەكەیان قبوڵ بوو. ئاهەنگی یەكگرتنەكەش لەیاریگای سلێمانی، كەسی تری نەدەگرت.. ئەوەندە پێشوازی گەرمی لێكرا.
ئایا: حزب هەیە ئەندام‌و كادری، ئەم حزب‌و، ئەو حزبی نەكردبێ‌، دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە مام جەلال پشتیوانی دەكردن، ئێستا لای پارتین.  دوو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیش، یەكێكیان لەیەكەم كۆنگرەدا زۆرترین دەنگیشی هێنا، ئێستا پارتین. نیوەی سۆسیالیست هاتنەوە ناو یەكێتی.. بەشێكی چونە ناو پارتی، بەشێكی تریان، لەناو سۆسیالیستدا ماون. بۆچی (شەش) كەسی ئاڵای شۆڕش چونەتە ناو پارتی.. دیارن؟!
نۆیەم: بۆ شەڕی كانی ژنان.. من هیچ ناڵێم، بیرەوەری حەمەی حەمە سەعیدو مامۆستا پشكۆ بخوێننەوە، كاتی خۆی حەمە ئاواتیش لەسەری نوسی، بزانن راستی رووداوەكە چۆن بووە؟ لەو شەڕەدا چەندین دیلیش گیران.. دەست بۆ كەسیان نەبراوە.
دەیەم: سەبارەت بە بەنداوی دەربەندیخان، ئێستا هەر ئەوەندە دەڵێم: بەچەند كیلۆیەك تی ئێن تی (7 دانە ساڵ) چەند تۆرباینێك پەكی ناكەوێ‌، قسەی ترم هەیە.. بابمێنێتەوە.
یانزەهەم: دەربارەی عەبدو.. چوار شاهێد ماون، یەكێكی مامۆستا ئەحمەدی زیندانەو لەهۆڵەندایە. دەزانێت چۆن پەیوەندی بەئیستخباراتەوە كردووە، بۆ كوشتنی من (80) هەزار دینار و خانویەكی بدەنێ‌. شاهێدی دووەم، مامۆستا (بەندەر) كە بەوردی ئاگادارە، چۆن عەبدۆیان بردۆتە بەغدادو چۆن چۆنیش بەڵێنیداوە من بكوژێ‌. شاهێدی سێهەمیش مامۆستا موحسینە، كە لەگەڵمان بووەو ئاگاداری وردی رووداوەكەیە. شایەتی چوارەمیش ملازم عومەرە. كە دوای ئەوەی یٔەم تاوانانەو تاوانی تریشی بەسەردا ساغدەبێتەوە.. بەبڕیاری (مام جەلال، نەوشیروان، ملازم عومەر) سزای شۆڕشگێڕانە درا.
سەبارەت بەحەمە ئاوات-یش.. دوا بڕیارو دوا هەڵوێستی لەگەڵ من‌و یەكێتیدا.. دەهێڵمەوە بۆ كاتێكی تر.. 
شاهێدەكانیشم، ئەحمەد ‌و سەڵاحی برای‌و مامۆستا پشكۆو شوفێرەكەیەتی.. بەدرێژایی ئەو ماوەیەی حەمە ئاوات لەگەڵ گۆڕاندا بووە، من هەر رێزم گرتووەو خزمەتیشم كردووە.
سوپاس