ئه‌بو تارا: خۆم شاهێدم مه‌لا به‌ختیار، سه‌ره‌ڕای فشارەکانی سەری، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی بكاته شیوعییه‌كان
حزبی شیوعی سوپاسی هه‌ڵوێسته‌كانی مه‌لا به‌ختیار ده‌كه‌ن!
له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، جاسم حلفی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی عیراق، له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار، سیاسه‌تمه‌دارو رۆشنگه‌ر، به‌ناوی سكرتێر‌و مه‌كته‌بی سیاسی‌و حزبی شیوعی عیراقە‌وه، سوپاسی تایبه‌تی ئاراسته كردووه، كه له‌كتێبه نوێیه‌كه‌یدا (له‌بری بیره‌وه‌ری)، راستی رووداوه‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه‌و
ده‌ستی نه‌چۆته خوێنی شیوعییه‌كان.
جاسم حلفی، له‌په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا، رایگه‌یاند: حزبی شیوعی هه‌رگیز ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مه‌لا به‌ختیاریان له‌بیر ناچێته‌وه، كه بۆته هه‌ڵوێستێكی مێژوویی..
هه‌روه‌ها، له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌فدێكی حزبی شیوعی کوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌بو تارا (هاوڕێ ئیبراهیم سۆفی) سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیاریان كرد‌و له‌دیدارێكی دۆستانه‌شدا، له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی له‌رابردووه‌وه تا ئێستا سوپاسیانكرد‌و هاوكات دووپاتیشیانكرده‌وه، كه مه‌لا به‌ختیار، هه‌میشه له‌سه‌ر دیموكراسی، مه‌ده‌نییه‌ت، رۆشنگه‌ری، گه‌لاوێژو كۆی رووداوه مێژووییه‌كان، هه‌ڵوێستی روونی هه‌بووه.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌داو له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، (ئه‌بو تارا) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه: خۆم شاهێدم مه‌لا به‌ختیار، له‌مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ریبوو، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی بكاته شیوعییه‌كان. به‌ڵكو هاوكارمان بوو ده‌ربازیش ببین.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، مه‌لا به‌ختیار، سوپاسی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنی و سه‌ردانه‌كه‌ی كردن‌و جه‌ختیكرده‌وه: هه‌ڵوێستێك په‌یوه‌ندی به‌دیموكراسی‌و ئه‌ركه مێژوییه‌كانه‌وه هه‌بێ، چ كۆن، چ ئێستا‌و چ ئایینده‌ش، له‌سه‌ری به‌رده‌وامده‌بێ.