نوسەران بەبێ ژمارەى سپاردن کتێبەکانیان چاپ و بڵاودەکەنەوە

کوردستان 29/09/2020

چاودێر:

پاشئەوەی وەزارەتى ڕۆشنبیری بڕیاریدا لیژنەیەک دروستبکات، بۆئەوەی ژمارەی سپاردن بدەن بە ئەو کتێبانەی چاپ و بڵاودەکرێنەوە، ناڕەزایەتی لەناون نوسەراندا دروستبوو، هەر لەو بارەیەوە سێ ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەتیدەکەنەوە پابەندی بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ببن.

 

لەنامەیەکیاندا ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایین و ئەفسانە، ناوەندی غەزەلنووس و خانەی حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەی فەلسەفی ڕایدەگەیەنن لەکار و چالاکییەکانیان بەردەوامدەبن و بەبێ ژمارەى سپاردن کتێبەکانیان چاپ و بڵاودەکەنەوە.

 

دەقی نامەکەیان:

 

به‌بێ ئەوەی هیچ ڕێزێك لەو بڕیارەی "وەزارەتی ڕۆشنبیری بگرین"، لە كار و چالاكیی خۆمان بەردەوام دەبین

وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیارێك یان فەرمانێكی دەرچواندووە كە باس لە بێكاری و بەتاڵی و خولقاندنی ئەرك و بەرپرسیارێتیی وەهمی دەكات بۆ خۆی. ڕەنگە تەنها بیەوێت كە بڵێت لە دەرەوەی گەندەڵیی بەلێشاو و بەهەدەردانی سامان و سەرمایەی مادی و مەعنەوی، ئەم كۆمەڵگه‌یە لە بواری كولتووریدا كار و لێپرسراوییەكی دیكەشی هەیە.


ئێمە لە ڕابوردوودا، هەر لە لایەن ئەم "وەزارەتی رۆشنبیرییەوە"، ڕووبەڕووی سانسۆری هاوشێوەی ئەمە بووینەتەوە، هەر بۆیە زیاتر لە ساڵێكە بڕیاری ئەوەمان داوە كە ژمارەی سپاردن بۆ كتێبەكانمان وەرنەگرین و بەبێ ژمارەی سپاردن چاپ و بڵاویان بكەینەوە. "وەزارەتی ڕۆشنبیری" دەتوانێت یان واز لەم بێمانایی و بێكارییە بهێنێت، یان تەشریف بێنێت و بە پۆلیسەكانی كتێبەكانمان كۆ بكاتەوە و ناوەندەكانیشمان دابخات.

 

ئەگەر تاقەتی ئەو سەریەشەیەی نییە، دەتوانێت بە ڕێزەوە، بە داوای لێبوردنەوە، ئەو بڕیارەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە بارودۆخێكدا كە پڕیەتی لە كێشەی بنەڕەتی و ڕیشەیی كۆمەڵایەتی و كولتووری و سیاسی، پڕیەتی لە كێشە كە خولقێنراوەی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و فاسیدە، بەتاڵیی خۆی و سەرقاڵیی زۆر و تووڕەیی ئێمە، دەرگیری ئەم بڕیار و فەرمانە چەوتەی خۆی نەكات.

ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایین و ئەفسانە
ناوەندی غەزەلنووس
خانەی حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەی فەلسەفی