ساڵح عوسمان کتێبی (دیپلۆماسی) بڵاوکردەوە

رۆشنبیری 29/09/2020

چاودێر:

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نوێترین کتێبی لەبارەى دیپلۆماسیەت بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە شەش بەش باسی لە (بنەما- گەشە- هەنگاوەكانی) دیپلۆماسیەت کردووە، هاوکات بەشێوەیەكی تیۆری و پراكتیكی باسی لەلایەنە جیاوازەكانی پەیوەندی دیپلۆماسی كردووە.

 

عەمیدی مافپەروەر ساڵح عوسمان بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی، کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە، نوێترین كتێبی خۆی بە ناوی دیپلۆماسی (بنەما- گەشە- هەنگاوەكانی) لە دوو توێی 225 لاپەڕەدا و لە شەش بەشی جیاوازدا بڵاوكردەوە، كە تیایدا بەشێوەیەكی ئەكادیمی لە ڕووی چەمك و بنەما و هەنگاوە كردارییەكانیەوە باسی لە دیپلۆماسی كردووە.

 

نوسەر لەبەشێکی کتێبەکەیدا باسی لە قۆناغە مێژووییەكانی دیپلۆماسی لای كورد کردووە و کردویەتی بە پێنج قۆناغەوە، کە هەر قۆناغێکی بەوردی باسکردووە، کە پێکهاتووە لە:

پەیوەندی دیپلۆماسی لەسەردەمی میرنشین و شۆڕشە كوردییەكان
2.جەنگی جیهانی یەكەم تا كۆماری كوردستان 
3.كۆماری كوردستان تا هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ
4.شۆڕشی نوێ تا ڕاپەڕین
5.ڕاپەڕین تاوەكو ئێستا

نوسەر لەکتێبەکەیدا پێیوایە، بەو پێیەی دیپلۆماسی تایبەتە بە دەوڵەت و كوردستانیش لە كاتی دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن و سەردەمی پێكهێنانی نەتەوە یەكگرتوەكان و فراوانبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكاندا خاوەن دەوڵەتێكی تایبەت و سەروەری خۆی نەبووە، بۆیە بەشێوەیەكی فەرمی كوردستان لەو نێوەندەدا نابینرێت، كوردستان هەتا سەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی (1991)ی زاینیەوە لە باشووری كوردستان، خاوەنی پەیوەندی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی نەبووە، بۆیە بە فەرمیش نوێنەرایەتی لە وڵاتان نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕش و بزاڤە كوردییەكان لە ڕابردوودا نوێنەری شۆڕشیان لەدەرەوە هەبووە، بەڵام نوێنەرایەتییەكی فەرمی نەبووە، هەرچەندە لە رووی نەتەوەییەوە ڕەوایەتی هەبووە، نوێنەرایەتیەكان نەچوونەتە بابی یاسای نێودەوڵەتییەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كورد هەر لەسەردەمی میرنشینەكانەوە ، بەجۆرێك لە جۆرەكان كاری دیپلۆماسی پەیڕەو كردووە.

 

لەبەشێکی دیکەی کتێبەکەدا ئاماژە بەئەوەدراوە، لەدوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992دا ، گەورەترین ڕووداوی مێژوویی بۆ گەلی كورد هاتە كایەوە، چونكە دوای ئەم ڕووداوە كاری دیپلۆماسی لای كورد گۆڕانكاریەكی جۆری بەسەردا هات، كرانەوەیەكی گەورە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد ، نوێنەرانی ئەوروپا و ئەمریكا و ڕوسیا ڕوویان لە هەرێم كرد، هەرێم بووە وڵاتێكی نیمچە سەربەخۆ و پەیوەندی دەرەكی بەشێوەیەكی فەرمی دامەزراند، هەرچەندە پەیوەندییەكان تا ئەو كاتەش هەر نوێنەرایەتی پارتەكان بوون، بەڵام بە ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا و چەسپاندنی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، كوردستان بووە هەرێمی دانپێنراوی نێودەوڵەتی.

 

لەئێستادا لەهەرێمی كوردستاندا سی و سێ كونسوڵگەری و نوسینگەی باڵیۆزخانە و نوسینگەی نوێنەرایەتی هەیە، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان چواردە نوێنەرایەتی لە وڵاتانی دەرەوە هەیە.

 

ساڵح عوسمان پێیوایە، گرنگە نوێنەرانی كورد لە حكومەتی ناوەندی لە بەرزترین باڵاوە تا باڵیۆز و نێردراوە دیپلۆماسیەكان، بە وریایەكی زۆرەوە مامەڵە بكەن و دۆزی كورد بە زیرەكانە تێكەڵ بە كارەكانیان بكەن و ببنە نوێنەر و باڵیۆزی كورد.


ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەوەی لە ڕابردوو نەیارمان بوون، ئێستا دۆستمانن، وەك فەرەنسی و بەریتانی و ئەڵمانی و ئەمریكیەكان، گرنگە وەبەرهێنان لەو دۆستایەتیدا بكەین، پەیوەندییەكی فراوان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دابمەزرێنین و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانماندا هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە دۆخە نەخوازراوەكان، بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەكانیان بەرگری لە هەرێمی كوردستان و گەلەكەشی بكەن.


وتوشیەتی: پێویستە كورد چەكی دپیلۆماسی بكاتە كاریگەرترین چەكی هاوچەرخ، چونكە لە ڕابردوودا نەبوونی ئەو چەكە بۆتە مایەی زیانگەیاندن بە كورد و نەگەیشتن بە خەونەكانی یان لەناوچوونی خەونەكانی دوای گەیشتن پێی.


بەشی یەكەمی كتێبەكە، تەرخان كراوە بۆ دەروازەیەك بۆ كاری دیپلۆماسی، كە چەمك و وشە و پێناسەو مێژووی كاری دیپلۆماسی ڕوون كراوەتەوە.

 

لە بەشی دووەمدا ئاماژە بە بەستنی پەیوەندی دیپلۆماسی و یاساكانی و جۆرەكانی كراوە ، هەروەها سەرچاوەكانی یاسای دیپلۆماسی و تایبەتمەندی یاساكانی و جۆرەكانی دیپلۆماسی هەر لەم بەشەدا شی كراوەتەوە.

 

بەشی سێیەمی تایبەت كراوە بە دیپلۆماتكار ،كە تیایدا باسی لە دیپلۆماتكار كردووە لەڕووی پێناسە و پارێزبەندی و ئەو كەسانەی دەبنە دیپلۆماتكار، ئەمە جگە لەوەی ئاماژەی بە تایبەتمەندی دیپلۆماتكاری سەركەوتوو كردووە، لەگەڵ باس كردنی كار و ئەركی دیپلۆماتكار و پلەبەندیان.

بەشی چوارەمی ئەم كتێبە باس لە زمانی دیپلۆماسی و شێوازی ئاخاوتنی دیپلۆماتكارەكان دەكات، كە چۆن بە نەرمی دەدوێن و خۆیان لە توڕە بوون دەپارێزن ، هەروەها لەم بەشەدا باسی لە پرۆتۆكۆڵ كراوە، لە ڕووی ناساندنی و چۆنیەتی جێبەجێ كردنی و جیاوازی لەگەڵ ئەتەكێت، هەر لەم بەشەدا ئاماژە بە رۆڵی دیپلۆماسی لەچارەسەركردنی كێشەكان كراوە.

 

بەشی پێنجەم تەرخان كراوە بۆ رۆڵ و پێگەی كورد لە بواری دیپلۆماسیدا، هەر لە میرنشینەكانەوە بیگرە تا شۆڕشەكان و دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لەم بەشەدا باس لەوە كراوە، كە كورد چۆن دەتوانێت بەهۆی ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆی ڕەخساوە سود لە دیپلۆماسی وەربگرێت و دۆست و هاوپەیمان لەدەرەوە پەیدا بكات.

 

بەشی شەشەم و كۆتایی تەرخان کراوە بە كۆتایی هاتنی كاری دیپلۆماسی و دیپلۆماتكار،كە بە چەند هۆكارێك دیپلۆماتكار كۆتایی بەكارەكانی دەهێنرێت.