نەریتی کوشتن و کلتوری داپۆشین

کوردستان 28/09/2020


نوسینی: ئەحمەد گەرمیانی
کوشتن و کوشتار، بە درێژایی مێژوو، تاوانی دەسەڵاتدارە زۆردارە چاوچنۆکەکانی بازارە، بەڵام چەند کوشتنی نارەوا شەرمە، دوو بەرامبەری ئەوە داپۆشینی شەرمترە.
هەموو ئەوانەی بەناڕەوا، ئازادیخوازانیان کوشتوە، یان نەیارانیەن تیرۆر کردوە، یاخود ئازادیان بەزەبری زیندان سەرکوت کردوە، ئەمانە تەنها بە زەبر و زەنگ، تاوانەکانیان بۆ نەچۆتە سەر، بەڵکو بە  هێزی چەکداری سەرکوتکردن، تاوانەکان ئەنجامدراون و بە قەڵەمی کۆیلەش داپۆشراون.
 شەرم ئەوەیە لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا قوربانیەکی بێشوماری ناو ململانێکان لەناو براون.. لە شاخدا کەم جار بەرهەڵستی تاوان کراوە، لە ترسی ئەوەی پلە و پایە لەدەست نەدرێ، ئێستا لە شارین، لەسەردەمی سۆشیال میدیاین، نە دادگا لەو تاوانانە دەپێچێتەوە نە بەدوای قاتیلەکاندا کەس هەوڵی تۆڵەسەندن دەدات.. کەچی قەڵەم لەرزۆکەکان ئەوانەی بەشێک بوون لە تاوانەکان، هێشتا واز لە پاساو هێنانەوە بۆ لەناوبردنی قوربانیەکان ناهێنن.
ئەمانە لە گۆڕیشدا ئازاری قوربانیەکان دەدەن.
نەوشیروان نەماوە تا بدرێتە دادگا، قوربانیەکانیش زیندو ناکرێنەوە، کەچی پاسەوانە سیاسی و عەسکەریەکانی نەوشیروان، تا ئێستاش تاوانەکان دادەپۆشن و نایانەوێ ڕاستیەکان باسبکرێ، بەڵکو قوربانیەکانیش تاوانبار دەکرێن، بەڕاستی ئەم ئەقڵیەتە مایەی شەرمە.. هەروەکو چۆن کوشتنی بێتاوانەکانیش شەرمەزاری بووە.