روناکبیران و نوسەران بەیاننامەیەک دژی بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیری بڵاودەکەنەوە

کوردستان 28/09/2020

 

بەیاننامەیەک دژ بە بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی:
نا بۆ گەڕانەوەی سانسۆرو بەیاساییکردنی بێدەنگی
وەزارەتی ڕۆشنبریی حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی سەبارەت بە سانسۆرکردنی کتێب دەرکردوە کە ڕۆژە ھەرەڕەشەکانی سەردەمی بەعس و ئەزموونە تۆقێنەرەکەی تاڵیبان و سیستمە دیکتاتۆریەتەکانی ئەوروپای خۆرھەڵاتمان بیردەخاتەوە. ھەموو ئەمانە لەیەکخاڵدا لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمدا یەکبوون: سانسۆرکردنی بیرکردنەوە و نووسین.
ھێرش بۆسەر کتێب دیاردەیەکە مێژوویەکی پڕ لە ناشیرینیی و سوکایەتیکردنی ھەیە. جەوھەرەکەی بریتییە لە ڕێگەگرتن لە عەقڵ و تواناکانی بیرکردنەوە لای مرۆڤ. ئەو فۆرمەی لە سانسۆر کە بەڕێوەیە لە ھەرێمەکەی ئێمەدا و وەزارەتی ڕۆشنبریی خەریکی دروستکردنیەتی، پلانی ھێرشبردنێکی سیستماتیکە بۆ سەر کتێب بەر لە دایکبوونیان. ڕەچەتەیەکە بۆ ڕێگەگرتن لە لەدایکبوونی کتێب و خنکاندنی بەر لەوەی بگاتە بەردەمی خوێنەران. پێوەرەکانی ئەم ھێرشبردنە وخنکاندنەی کتێب، ئامراز و بەھاکانی ھەمان ئەو شتانەن کە سیستمە سیاسی و یاساییە ھەرە ناشیرینەکانی دونیا بۆ کوشتنی کتێب دەیگرنەبەر. نەک ھەر کتێب بەڵکو ھەموو نووسین و داھێنانکی تر کە لەگەڵ توانای عەقڵیی و زەوق و سەلیقەی ئەو رەقیبانەدا نەگونجێت کە لەمەولا کاریان ئەبێتە ئەوەی بڕیاربدەن کام کتێبێک چاپبکرێت و کام کتێب بکوژرێت. لەمەشدا ھەر کتێبێک نەچێتە ناو ئەو نەخشە سیاسیی و ئەخلاقیی و ڕەمزییەوە کە ئەو ڕەقیبانە ھەڵیانگرتوە و بەھۆیانەوە نرخی شتەکان دەپێون، لەناودەبرێت و ناھێڵدرێت لەدایکببێت. ئەمەش بە کردەوە سەپاندنی بەھا سیاسیی و ئەخلاقیی و دینییە شەخسییەکانی ئەو ڕەقیبانەیە بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگادا و لەناوبردنی ھەرشتێکە ڕێگەی نەکەوێتە ناو دونیا شەخسییەکەی ڕەقیبەکانەوە. ئەمەش بە ھەموو پێوەرێک تاوانێکی گەورەیە لە دونیای ئەمڕۆدا، ترسناکترین شێوازی سانسۆریش ئەوەیە کەرەقیبەکان بەناوی یاسا و دەوڵەت و سەروەرییەوە پیادەیدەکەن، بەناوی ڕێزگرتن لە پیرۆزیی و سەروەری و پاراستنی وڵات و نەتەوەوە.
ھەر ملیەتێک بەناو جەھەنەم و زمان و سیستمە سانسۆریەکەی بەعسدا تێپەڕیبێت شورەییەکی گەورەیە قسە لە سانسۆرکردنی کتێب بکات. لەڕووی مێژووییەوە کتێبی ڕاستەقینە ھەمیشە ئەو کتێبانە بوون کە توڕەن، کە ڕەخنەگرن، کە بڕێکی زۆر لە یاخیبوونیان تێدایە، گفتوگۆ دەخەنەوە، ڕیزبەندی قەناعەتەکان و بۆچوونەکان دەسکاریدەکەن، پرسیاردەکەن، پڕن لە تەحەدا، گریمانە قبوڵکراوەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کۆدە ئەخلاقییەکان و تێگەیشتنە باڵادەستەکان ڕەخنەدەکەن و لەڕێگای ئەمانەشەوە شتێکی تازە لەسەر جیھان دەڵێن. درزێک بۆ ڕوانینی تازە و بەرخوردی تازە و تێگەیشتنی تازەدەکەنەوە. ھەموو کتێبێکی باش و کاریگەر شتێک لە لادانی تێدایە لەوەی کە ھەیە و دروستکراوە، لەوەی درۆزنانە پیرۆزکراوە و درۆزانە ڕێزی لێگیراوە. کتێبی باش کتێبێکە ھەمیشە شتێک دەشکێنێت. سانسۆرکردن جەنگی عەقڵێکی داخراو و دواکەوتو و لەقاڵبدراوە، لەگەڵ عەقڵێکدا کە دژ بە داخران و دواکەتن و ئازادە. ئەمە وادەکات کەم تاوان لە دونیادا بە ڕادەی تاوانی سانسۆرکردنی بیرکردنەوە و شتی تازەگوتن و دەرچوون لە ڕیز، گەورەتر و ترسناکتربێت. ئەم جۆرە تاوانانە دەیانەوێت دنیا تا ئەبەد بە ھەمان شێوە و بەھەمان ریتم دووبارەببێتەوە و لەسەر ھەمان دید و بۆچونی دەقبەستو و قوپاو و داڕزیو کڕبکەوێت.
ئەم بڕیارەی تازەیەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەمانباتەوە بۆسەردەمی ئەدەبیاتی یاساغ و ھەڵاتوو لەدەستی سانسۆر، ئەدەبیاتێک بە دزیی چاوی وەزەراتەکان و رەقیبەکانییەوە دەستاودەست بکات و مێژوویەکی تر بۆ ھەموو ئەوانە بنووسێتەوە کە بەشێکن لەم تاوانە. یاخود بپەڕێتەوە بۆ ناو دونیای دیگیتالیی و لەوێدا درێژە بەجەنگی خۆی دژ بە رەقیبەکان و وەزارەتەکانیان بدات. سانسۆر سوکایەتییەکی گەورەیە بە تواناکانی مرۆڤ لە بیرکردنەوە و نووسین و داھێناندا، سڕکردنی خەیاڵ و عەقڵ و بەندکردنیەتی لەناو زەوق و تێگەیشتنی کۆمەڵێک ڕەقیبی بچووکدا. ھەرکەسێکیش بەشداربێت لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا لەڕیزی پێشەوەی تاوانبارە سەرەکییەکانە. ئێمە بە توڕەییەکی زۆرەوە داوا لە وەزیری ڕۆشنبیریی و وەزارەتەکەی دەکەین ئەم بڕیارە شەرمھێنە بوەستێنن و کوردستان مەکەن بە گۆڕستانی کتێب. لێرەشەوە رایدەگەیەنین ئێمە پابەندی ئەو بڕیارە نابین.
رەووف بێگەرد
قوبادی جەلیزادە شاعیرو دادوەر
شێرزاد حەسەن
مەریوان وریا قانع
پشکۆ نەجمەددین
ئاراس فەتاح
چۆمان هەردی
ساراعومەر نووسەرو چالاکی بواری مافی مرۆڤ
هیوا قادر
پەیمان عیزەدین
دڵشاد عەبدوڵڵا
عەتا قەرەداخی
کەریم دەشتی
ساڤان عەبدولڕەحمان وەرگێڕ
موتەلیب عەبدوڵڵا
ئەحمەدی مەلا
هەورامان وریا قانع
کەژاڵ ئەحمەد شاعیر
هۆشەنگ وەزیری
سارا قادر
نارین رۆستەم شاعیر
رێبین هەردی
حەمەفەریق حەسەن
هیوا فایەق
شوان محەممەد
سەردار محەممەد
دلاوەر قەرەداخی
خالید سلێمان
ئارام عەلی
زاهیر عەبە رەش
دانا رەووف
شارا رەشید
ئارام سەعید
کاوە محەممەد
لازۆ ئازاد
سیروان غەریب
شەهێن سابیر
نیاز عەبدوڵڵا
رازاو مەحموود فەرەج
گەشە دارا حەفید
ئاوات محەممەد
فەرەیدوون سامان
سەرگوڵ قەرەداخی
شیروان مەحموود وەرگێڕ- سوید
ستارە عارف
ئیبراهیم مەلازادە
باهوز مستەفا
هیمن مامەند
کارزان گلی
کاکشار ئۆرەمار
محەمەد گۆران
هەڵالە سوهرابی
خالید شەیدا
سادق ئەحمەد رۆستایی
رەحیم سەرەڕۆ
سالار کۆشار
جەمال پیرە
د.خلیل جندی
دڵسۆز حەمە
ئەنوەر رەشید عەوڵا
کەمال چۆمانی
ئاسۆس هەردی


بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیر: