ئەمریكا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا دادەخات

ڕاپۆرت 28/09/2020


ئا/ رەمەزان شێخانی
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە زاری دیبلۆمات كارێكەوە بڵاوكردوەتەوە ،گەر عیراق نەجوڵێت بۆ راگرتنی هیرشی میلیشیا چەكدارەكان كە ئێران پشتیوانیان دەكات بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا ئەوا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا دادەخات
ئەم لێدوانە پاش هۆشدارییكی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هات كاتێك رایگەیاند پێدەچێت واشنتۆن باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا بۆ ماوەی 90 رۆژ دابخات.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكی خۆیدا بڵاویكردوەتەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا حكومەتی عیراق و هاوپەیمانەكانی خۆی ئاگاداركردوەتەوە كە پلانی هەیە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بەتەواوەتی بكشێنێتەوە لەبەغدا ،ئەگەر عیراق رێگە لەهێرشی میلیشیاكان نەگرێت بۆ سەر بوونی ئەمریكا لەناوەچەكەدا و بەرپرسانی عیراقیش ئەو هەنگاوەی ئەمریكایان بە چاوەروان نەكراو وەسفكردوە
ئەحمەد مەلا تەلال  وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: هیوادارین ئەمریكا چاو بەو بریارەدا بخشێنێتەوە،چەند گرووپێكی لەیاسا بەدەر هەن هەوڵی تێكدانی پەیوەندیەكانمان دەدەن و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا پەیامێكی نیگەتیڤ دەبێت.
رۆژنامەكە لە زاری چەند بەرپرسێكی وڵاتانی خۆرئاواوە بڵاویانكردوەتەوە كە ئەوان لەپلانەكەی ئەمریكا ئاگاداركراوەنەتەوە و پێشبینی دەكرێت بریاری داخستنەكە بۆ ماوەی 90 رۆژ بێت كە ئەو ماوەیە ئیدارەی ترامپ دەرفەتی دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ بریارەكە بكات.
بەرپرسێكی عیراقی ئاشكرای كردوە حكومەتی ئەمریكا داوای كردوە بەغدا رێوشوێنی تووندوتۆڵ لەدژی ئەو میلیشیانە بگرێتە بەر گر سەركەوتووبێت باڵیۆزخانەكە داناخرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هیچ كۆمێنتێكی لەبارەی لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی نەدا بەڵام تەئكیدی كردەوە هێرشە مووشەكییەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەتەنها مەترسی نیە بۆ سەر ئیەمریكا بەڵكوو مەترسیە بۆ سەر عیراق و نێردە دیبلۆماسیەكان و دانیشتوانی ناوچەی سەوز.
رۆژنامە ئەمریكیە باسی لەوەشكردوە بەرپرسانی عیراق رایانگەیاندوە موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق پشتیوانییكی باش ناكرێت و هەوڵیشی دا سەرچاوەی دارایی ئەو میلیشیانە بكاتە ئامانج و پێكهاتەی دەزگای ئاسایشی عیراقی بونیات بنێتەوە، لەبەرامبەردا میلیشیا چەكداریەكان هێرشەكانیان بۆ سەر نێردە دیبلۆماسییەكان چڕتركردوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بوونی ئەو میلیشیا چەكداریانەی كە ئێران پشتیوانی یان دەكات بوونەتە كۆسپ لەبەردەم هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دەستەبەر كردنی پشتیوانی دارایی بۆ عیراق.
بەرپرسێكی باڵای ئۆفیسی كازمی ئاشكرای كردوە لە ئێستادا سەرۆك وەزیرانی عیراق تواناكانی خۆی خستوەتە كار تا هاوپەیمانە ئەوروپیەكانی هەوڵی قایل كردنی ئەمریكا بدەن بەمەبەستی پاشگەز بوونەوە  لەو بڕیارە
سەرچاوە/ ئاژانسەكان