رۆحانی : بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە 150ملیار دۆلار زیانمان پێگەیشتوە

جیهان 28/09/2020


حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: بەهۆی سزا ئابوریەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران وڵاتەكەی زیانی زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری پێگەیشتوە.
رۆحانی ئەمریكای بە دڕندە وەسفكرد پاش ئەوەی سزای نوێی بەسەر وڵاتەكەیدا سەپاند.
رۆحانی بە توڕیی و هەڵچونەوە لە لێدوانێكی تەلەفزیونیدا رایگەیاند: ئەمریكا بە سزا نایاسایی و نامرۆیی وكارە تێرۆریستیەكانی زیانی 150 ملیار دۆلاری بە گەلی ئێران گەیاندوە بەبێ ئەوەی ووردەكاری زیانەكان ئاشكرا بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێشتر كرداری بەو شێوە دڕندانەیان نەبینیوە 
 تەئكیدیشی كردەوە ئەو لایەنەی پێویستە ئێرانیەكان نەفرەتی لێبكەن و رقی خۆیان بەرامبەری دەربڕن كۆشكی سپی یە.
گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان واشنتۆن وتاران لە ساڵی 2018 سەری هەڵدا كاتێك ئیدارەی سەرۆك ترامپ كشانەوەی خۆی لەرێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و هێزە نێودەوڵەتیە جیهانیەكان راگەیاند وسزای ئابوری بەسەر ئێراندا سەپاند.