ئاسایش: ئەوانەی بە چەك هەڵیانكوتابوە سەر كاسبكارێك دەستگیر كران

کوردستان 27/09/2020


 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی بۆ (چاودێر) نێردراوە، ئاشكرایدەكات، ئەو كەسانەی لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی بە چەك هەڵیانكوتابوە سەر هاوڵاتییەك‌و بڕی (70) هەزار دۆلاریان لێسەندبو دەستگیریان كردوە.

لە راگەیەنراوەكەی ئاسایشدا هاتوە، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی بەفەرمانی دادوەر لەڕۆژی (11/9/2020 ) لە چالاكیەكدا دوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی ( 452) لەیاسای سزادانی عیراقی  بە ناوەكانی ( ا،ن،م)  لەدایكبوی ساڵی 1996  ( ك،ن،ع) لەدایكبوی (1989 )، تۆمەتباران لەڕۆژی (5/9/2020 ) لە گەڕەكی ڕاپەرینی شاری سلێمانی دەستگیر كران. 

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا باس لەوە دەكات، تۆمەتبارەكان بەزەبری چەك  هەستاون بە ڕێگرتن لە هاوڵاتی ( ن،ح،ع) كە پیشەی بریكاری دابەشكردنی كارتی باڵانس و ئامێرە ئەلكترۆنیەكانە، هەموو ئەو پارەو كارتی باڵانسانەی پێ بووە كە خەمڵێنراوە بە بڕی (70000) حەفتا هەزار دۆلاری ئەمریكی، لێیان سەندووە.
ئاسایش ئاشكرایدەكات، تۆمەتبارەكان لەكاتی دەستگیركردنەكەیاندا بڕێك لە كارت‌و پارە دزراوەكەیان پێگیراوە‌و تۆمەتبارانیش دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و روبەڕوی یاسا كراونەتەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە .