لەبری بەرگری.. کردنەوەی دوو‌ پەنجەرە، بە بیانووی کتێبەکەی مەلا بەختیار

ڕاپۆرت 24/09/2020

 

نوسینی: سەعید ساعێدی
ێ‌ندرێ مالێڕۆ نووسەری فەرانسی لە پەنجا ساڵ پێش دا و پاش ئەزموون کردنی شەڕی جیهانی دووهەم و پاش لە دەسەڵات نەمانی شارڵ دۆگۆڵ کتێبێک بڵاو دەکاتەوە لە ژێر ناوی " دژی بیرەوەری" ،کە پێ دەچێت مەلا بختیاریش لە ژێر کاریگەری ئەو کتێبەدا ناوی کتێبەکەی خۆێ نابێت "لە بری بیرەوەری" یانیش ناوڕۆکی هاوبەشی کتێبەکە وا لە نووسەر دەکات کە نەتوانێت کارەسات و توندوتیژی ڕابردووی ژیانکرددوی خۆێ ناو بنێت بیرەوەری.
رابردووێک کە تەژی بێت لە مەرگ و‌کوشتن و بێزاری و سووکایەتی ناتوانێت فەقەت بیرەوەری بێت ،بەڵکوو دەبێتە ویژدان و مێشکێکی زامدار و سیزێف ئاسا تابۆتی خۆێ لە کۆڵ ئەنێت .....
مالێرۆ لێوانلێوە لە تەجرۆبەی مەرگ ، کۆشتن لە سەنگەر دا و سەد جار خۆزگە بە مەرگ خواستن لە زیندانی نازییەکاندا ..مالێرۆ دەڵێت مرۆڤ لە مرۆڤ بوون بێزار دە بێت کاتێک' مەجبوورت دەکەن کە ئێستێفراخ،قەێ و ڕشانەوەی سەگ بخۆێتەوە '. ئەگەر مرۆڤ بوون هێندە نرخی هەیە سەد خۆزگە بە مەرگ ....
سەرەراێ هەموو ئەم تاڵییە جەرگبڕانە بەڵام مالێرۆ پێ وایە کە ئەگەر چی ژیان هیچ نیە ،بەڵام هیچ شتێکییش هێندەی ژیان نرخی نیە ...
لەبری بیرەوەری مەلا بختیار لێک چوونێکی سەیری هەیە ،پاش نەمانی مام جەلال و کاک نوشیروان مێژووی توند و تیژی ئوقرە ناگرن و دێنە زمان ؛ 
چەند ئاسان بووە بریاری کوشتن و لە سێدارەدان و ئەشکەنجە کردن .
نووسەر تا دوا ڕادە سووکایەتی پێکراوە، تاکێک بە ویستی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دەبێتە دیلی هاوسەنگەرەکانی و لە هەموو شت بێزاری دەکەن ؛ ئەم تاڵییە ناحەزە هێندە سیمای پڕلەبۆغزی ئاشکراتر دەبێت کە تاوانباران بۆ بە درۆ خستنەوەی نووسەرەکە پەنا دەبەنەوە رەدفێعلەکانی نووسەر لە کاتی زیندانیبوون و لە کاتی ئەشکەنجە کردنی دا کاتێک دەڵێن ؛ کەبیستی بریاری ئێعدامی بۆ دەرچووە ،دەگریا . دەستی کرد بە ئێعتراف کردن.پێش چەند ساڵێک بیرمە خۆم کە کەسانێک دەیانگوت نووسەریان لە خاک چەقاندووە و میزیان پێدا کرددوە ....
بۆ نەفرەت لە ژیان و خۆزگەی مەرگ هەر هێندە بەسە ...
ژاک دریدا نووسەر و فیلسووفی ئەلجەزاێری فەرەنسی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئادۆرنۆدەڵێت ؛ ئێمە هەموومان تاوانبارین...
دریدا کە ڕەخنەگری خاوەن فەلسەفەی دژی تۆتالیتاریانیسم ە و لە ئاشتی و عەقڵانییەت دەگەرێ بەڵام لە تەجرۆبەی سەرمایەسالاری و تێکچوونی ژینگە و سەرهەڵدانی تێرۆریسم دا خۆیشی بە تاوانبار دەزانێت ...
دەکرێت لە مێژووی هەموو حزبێک دا پەردە لە سەر تێکچوونی ویژدان و سایکۆلۆژی توند و تیژی هەڵبدرێت،دەکرێ بە ناوی حەقێقەت و لە بەرامبەر خوێن و تێکۆشانی سەدان ئازادیخوازی بە ئەخلاق دا بێدەنگی بشکێندرێت و لە بەرانبەر گەل و ئەخلاق و حەقێقەت دا رووت بینەوە و بڵێن ئێمە مەحکووم دەکەین ئەو هەناسانەی کە هەناسەی خۆیان لە کپ کردنی هەناسەی ئەوانی تر دا دەبینیەوە ،بەڵام دەکرێت ئاوێنەێک لە پێش خۆمان دا بنین و بزانین ئێمە چەندە هەڵگر و لە ژێر کاریگەری سایکۆلۆژی توندوتیژی داین ...
ئێمە هەموومان تاوانبارین .....