ئەو حەوت هۆكارەی وادەكات سەرئێشەت هەبێت

تەندروستی 23/09/2020


چاودێر:
كاتێك كە تووشی سەرئێشەیەكی تووند دەبیت، ئەوەی گرنگەلات كەچۆن كۆتایی پێ بهێنیت. ئەو ئازارەی و توندییەی لەسەرتا هەیە سیستمی ژیانت تێكدەدات و دوات دەخات لە ئیش و كار و پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانت .
 ئەگەر هەر جۆرە سەرئێشەیەكت هەبێت، ئایا شەقیقە بێت، یاخود سەرئێشەی سترێس و دڵەڕاوكێ یاخود سەرئێشەی هێشووی ..هتد، دەتوانیت ڕێگری بكەیت لە دووبارەبوونەوەی، بەزانینی هۆكارەكانی . لێرەدا باس لە حەوت هۆكار دەكەین كە ڕێخۆشكەرن بۆ دوبارەبونەوەی سەرئێشەكەت : 
١- سترێس و دڵەڕاوكێ : 
سترێس دەبێتە هۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولكەكانی شان ومل، كەدەبێتە هۆی جۆرێك لەسەرئێشە كە پێدەوترێت (سەرئێشەی گرژبوون)، بەمانای ئەوەی كێشەكە لە ماسولكەكانەوە دەست پێدەكات و بەسەر ئێشە كۆتایی دێت . 
هەروەها سترێس بەهەمان شێوە سەرئێشەی شەقیقەش زیاد دەكات . 
٢- خواردن : 
برسێتی؛ سەرئێشەی گرژبوون و شەقیقە زیاد دەكات، بەڵام هەندێك خواردنیش دوبارەبوونەوەی سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەكات. بۆ نمونە؛ هەندێك كەس بە پاقلەمەنی و چەرەزاتەكان سەرئێشەكەیان زیاد دەكات، هەندێك بەهەندێك خواردنی تری وەك؛ ئەڤۆكادۆ، مۆز، پەنیر، ترشی، شیرەمەنییەكان، شوكولاتە، پیاز . زۆربەی خواردنە ئامادەكراو و موعەلەب و فاست فودەكان ئەوانەی ڕێژەیەكی زۆر نیتراتیان تیادایە، ئازاری سەر زیاد دەكەن . 
٣- خواردنەوەی ئەلكهول : 
یەكێكە لەهۆكارەكانی توشبون بە شەقیقەو سەرئێشەی هێشووی . زۆربەی كەس دوای خواردنەوەی شەرابی سوور تووشی سەر ئێشە دەبن . هەتا ئێستا نەزانراوە كە ئایا ئەلكهول خۆیی هۆكاری سەرئێشەیە، یاخود پێكهاتەیەكی تری ناو خواردنەوە كهولییەكانە . 
٤- ژینگە و سروشت : 
سەرئێشەی هێشووی زیاتر لەهەندێك وەرزدا ڕووئەدات، وەزیاتر لەبەهار و پایزدا رێژەی زیاد دەكات . ئەوەی ڕوونە و زاناكان كۆكن لەسەری ئەوەیە؛ پێكهاتەیەك لە ژینگەی ئەو وەرزانەدا دەبێتە هۆكار، بەڵام بە تەواوەتی چییە نازانن ! 
هۆكارە ژینگەییەكانی وەك؛ تیشكی ڕووناكی ڕاستەوخۆ، دوكەڵ، شێداری، بۆنی تیژ، كەشوهەوای سارد، پەیوەندیان هەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە . 
٥- هۆرمۆنەكان : 
گۆڕان لە ڕێژەی هۆرمۆنی "ئیسترۆجین" ، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی هەیە بەسەرئێشەی شەقیقەوە لە ئافرەتاندا . سووڕی مانگانە لە ئافرەتە گەنجەكاندا سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەكات، هەروەها هەندێك جار گۆڕان لەڕێژەی ئەم هۆرمۆنە سەرئێشە زیاد دەكات ، بەتایبەت لەوانەی وەكو چارەسەر بەكاریدەهێنن . لە زۆربەی ئافرەتاندا بەوەستانی سووڕی مانگانە ئازاری شەقیقەش كۆتایی دێت . 
٦- لێچوونەوە لە كافایین : 
ئەگەر تۆ لەو كەسانە بیت كە كافایین بەڕێژەیەكی زۆر بەكاردەهێنن، ئەویش بەخواردنەوەی چا، قاوە، خواردنەوە گازییەكان بەڕێژەیەكی زۆر . ئەگەر لەناكاو بیبڕیت و بوەستیت لەبەكارهێنانی، سەرئێشەی شەقیقەكەت زیاد دەكات . 
كافایین بۆری خوێنەكان گرژدەكات، بەبێ كافایین بۆری خوێنەكان دەكشێن و دەئاوسێن، كەئەمیش یەكێكە لەهۆكارەكانی دروستبوونی سەرئێشەی شەقیقە . 
٧- كەمخەویی: 
كەمخەویی هۆكارێكە بۆ دروستبونی ئازاری سەر ئێشەی گرژبوون و هەروەها سەرئێشەی شەقیقە . هەر بۆیە پشوودان و سەرخەوشكاندن زۆربەی جار دەبێتە هۆی نەمانی سەرئێشەكە . 
چارەسەر چییە ؟
تێگەشتن لەهۆكاری دروستبوونی سەرئێشەكەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارەبونەوەی سەرئێشەكەت ، هەر بۆیە باشترە كە دەفتەرێكی یادەوەری دابنێت بۆ كاتی دروستبوونی ئازارەكەت و چیت خواردووە لەو ڕۆژەدا، چەندی خایاندووەو بەچی باش بوویت، بینوسیت . ئەگەر بەم ڕێگایە چارەسەر نەبوو ، دەتوانیت ڕای پزیشكەكەت وەربگریت و ڕێگا گونجاوەكانت بۆ هەڵبژێرێت، ئایە لە ڕێگای دەرمان بێت، یاخود دەرزی ئاژنین ، میدیتەیشن ، باێۆفیدباك تیكنیك، بۆتۆكس بەكاربهێنێت بۆت . 
 سەرچاوە: د ۰ هەڤین كەمال 
   شارەزا لە چارەسەری فەقەرات و نەخۆشی جومگەكان بێ نەشتەرگەری.