بەشێكی گۆڕان بەرەی شەڕەنگێزیان ساغ كردەوە

کوردستان 21/09/2020

كەریم قەراغی

ئەوەتەی گۆڕان دامەزراوە، پەروەردەی راستەقینەیان لەسەر توندوتیژی و ناوزڕاندن بووە، بەڵام لەژێر پەردەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی، سیاسەتی راستەقینەیان دەشاردەوە. بۆیە خەڵكی پاك و دڵسۆزیش دژی گەندەڵی چونەتە ناو گۆڕان. تائێستاش ماونەتەوە. گەرچی لە دەرەوەی وڵات و كوردستاندا.. هەڵسوڕاوێكی زۆریان وازی هێناوە. نیوەی دەنگدەریشیان لـێ‌ بۆتەوە، تا دێت گۆڕان لە هەڵوەریندان. باشترین سەركردەكانیان دانیشتون. وەكو (عوسمانی حاجی مەحمود، قادری حاجی عەلی).
11 ساڵە بزوتنەوەی گۆڕان، لە فەرهەنگدا جنێو هیچ نەماوە بۆ هەموو لایەنەكانی نەدەن. خۆشیان لیستێك جنێویان دژی نەیارەكانیان داتاشیووە.
11 ساڵە بزوتنەوەی گۆڕان حەشر بەمام جەلال و یەكێتی دەكەن. جۆرەها كاریكاتێریان لەسەر مام جەلال دەكرد. كەمایەی شەرمەزاری بوو بۆیان. 
11 ساڵە گۆڕان، رەچەڵەكی بارزانیەكانیان لە قەبر دەردەهێناو پارتیان نابوت دەكرد.
11 ساڵە گۆڕان حكومەت و پەرلەمان سوك دەكەن.
11 ساڵە ئەیانەوێ‌ هەرچی نرخی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و خەباتی لایەنەكان هەیە نەهێڵن.
11 ساڵە نەوشیروان و مێژوەكەیمان لـێ‌ كراوەتە پیرۆز و باخی فریشتەكان.
11 ساڵە.. بەئارەزووی خۆیان ماوەیەك حوكمەت دەڕوخێنن و ماوەیەك دەچنەوە ناو حكومەت.
11 ساڵە سەدان پلەو پایەیان وەرگرتووە، دەیان ئەندام پەرلەمانیان هەیە. هەزاران خانەنشین كراویان هەیە. كەچی خۆیان بەچەوساوە و نان بڕاوی سیاسی پیشان ئەدەن.
11 ساڵە لە زۆربەی دەوڵەمەندی سلێمانی سەرانە وەردەگرن.. كەچی خۆیان بە پاك و چاك دەزانن.
11 ساڵە دەیان پەیج و سایتی ساختەیان دژی نەیارەكانیان هەیە، كەچی لافی ئازادی و رێزگرتنی مافی مرۆڤ دەدەن.
هەموو ئەو كارانە بۆ خۆیان رەوا بووە. بەڵام هەر كەسێك و لایەنێك رەخنەیان لـێ‌ بگرێ‌، ئەوەی نەشێ‌ دژی هەڵی دەڕێژن.
نەوشیروان مستەفا خۆی سێ‌ كتێبی لەسەر شۆڕش و لایەنەكان نوسیووە. هەمویانی داوەتەبەر نەشتەری رەخنە و تەنها خۆی قارەمانی راستەقینەیەو بەس!
توتیەكانی.. بەردەوام بۆی دەنوسن و بۆی دەخوێنن.. مێژوو تێك دەدەن، خەڵك دەكەنە خۆفرۆش.. تەنانەت بوختانی شەرەف و كەرامەتیش دەدەن.
كەچی.. تەنها یەك جار مەلا بەختیار، نیو سەعات لە تەلەفزیۆندا، قسەی لەسەر مێژووی نەوشیروان كرد، تاساوون. بەچەپ و راست، جنێو دەدەن. هەموو شانازیەكانیان ئەوەیە، مەلا بەختیاریان گرتوەو بونەتە جەلادی.. هەروەكو جەلادی شانازی بێ‌!!
باسی ئازایەتی نەوشیروان دەكرێ‌، سەیرە كە جەلالیەكان لێیان قەوما، نەوشیروان چ ئازایەتیەكی نواند.. بەئاڵای سپیەوە، تەسلیم بە پارتی و بارزانی بوو.. كە دەیان وتاریشی دژیان نوسیبوو.
باسی ئازایەتی نەوشیروان دەكەن، كەچی لە دێیەكدا كە زانیبووی هێزی سۆسیالیست بۆ نان خواردن هاتوون، بەبێ‌ ئەوەی زانیبێتیان لەماڵێكی دیكەیە، لەترسان خۆی تەسلیم كردبوون.
باسی ئازایەتی نەوشیروان ئەكەن، كەچی لە شەڕەكاندا ئەوانەی بەگەڵیا بون، باسی ئەكەن چۆن ترساوەو لەرزاوە.
بەرامبەر كتێبێك بەشێكی گۆڕانە شەڕەنگێزەكان شێتگیر بوون.. جا وەرە بەرە بەرە تەواوی راستی و نهێنیەكانی شۆڕش و شاخ.. هەروا هی شارو دوای راپەڕین ئاشكرا بكرێ‌.. ئاخۆ چییان بەسەربێ‌.
بەم كاردانەوەیەی گۆڕان.. بەشێكیان خۆیان لەبەرامبەر خەڵكی مەدەنیخواز و ئەقڵانیدا، ساف كردەوە كە چۆن خووی شەرەنگێزی و دوژمنایەتی ئازادیان لەناخیاندا هەڵگرتووە.
ئەم بەشەی گۆڕان، رۆژگارێك دێتە پێشەوە، دەكەونە گیانی یەكترو رسواییەكانی ئێستایان ئاشكرا دەكەن.. بەشێكیشیان دڵنیاین، دەبنە پارتی یان دوژمنی سەرسەختی ئازادی. ئەگەر لەناو یەكدا، یەكتریش نەكوژن شوكر بین.