حكومەتە هاوپەیمانەكەی توركیا لە لیبیا هەڵوەشایەوە

ڕاپۆرت 17/09/2020


فائیز سەراج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا نیوەشەوی رابردوو رایگەیاند لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەر دەستلەكاردەكێشێتەوە.

سەڕاج گوتی: ئامادەی دەستلەكاركێشانەوەیە و دەیەوێت ئەركەكانی بسپێرێت بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دواین كاتیش كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەر دەبێـت.

ئەو هەنگاوەی سەڕاج لە دوای ماوەیەك لە بەرەو پێشچوونەكانی گفتووگۆی ئاشتی هەردوولایەنی بەشەڕهاتووی لیبیایە لە مەغریب ، كە بڕیارە گفتووگۆكان درێژەیان هەبێت و پشتیوانی نێودەوڵەتیشی هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانەی شەڕی نێوخۆی لیبیا كە دەستی دەرەكی تێكەوتووە بە تایبەت توركیا و میسر و ئیمارات و فەرەنسا و روسیا.

سەڕاج چەند رێككەوتن و پەیماننامەیەكی لەگەڵ توركیادا كردووە و توركیا بەهێز پشتیوانی لە حكومەتەكەی سەڕاج دەكرد.

هەندێك سەرچاوەی دیكەش گوتویانە، بڕیارەكەی سەڕاج پەیوەندی بە كێشە نێوخۆییەكانی حكومەتەكەی سەڕاجەوە هەیە و دەمێكە كێشەی ناوخۆیی هەیە.

بڕیارەكەی سەڕاج پرسیاری دیكەی زۆری دروستكردووە لەسەر دواین پەرەسەندنەكانی سیاسی لیبیا، هەندێك دەڵێن پەیوەندی هەیە بە بەڵێنەكانی بە توركیا دوای ناكۆكی توند لەگەڵ پیاوی یەكەمی كابینەكەی فەتحی باشاغا وەزیری ناوخۆ كە ماوەیەك لەمەوبەر چاوی بە سەڕاج كەوت و گەڕایەوە پۆستەكەی، هەندێكی تر دەڵێن پەیوەندی هەیە بە جوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی لیبیا.
 
سەڕاج داوای لە لیژنەی گفتوگۆ كردووە بۆ پێكهێنانی دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی نوێ و پەلەكردن لە گرەنتی گواستنەوەیەكی دەسەڵاتی ئاشتییانە.

دەشڵێت: ئەوە راستییەكەیە نەك هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی و دان نانە بە راستییەكاندا، كاری رابردووشمان بۆ كۆنترۆڵكردن و گەیشتن بەرێككەوتن بووە بۆ گەیاندنی وڵات بە كەناری ئارامی.

حكومەتەكەی سەڕاج لە 2015 پێكهاتووە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رزگاركردنی لیبیا لەو فەوزایەی لە دوای روخانی قەزافیەوە لە 2011 تووشی بوو.

بڕیارەكەی سەڕاج ناكۆكییە نێوخۆییەكانی گەورەبەرپرسانی حكومەتەكەی و گرووپە چەكدارەكانی تەرابلوس و میسراتە كە سەر باشاغان، قوڵتر دەكاتەوە.

شارەزایان گوتیان، بڕیارەكەی سەڕاج نادەستوورییە، تەنها مانۆڕێكی سیاسیی ئیخوانە بە ئامانجی پشتیوانی دەرچەكانی گفتوگۆی نێودەوڵەتی لەبەرژەوەندی خۆیان، چونكە كابینەكەی سەڕاج لەسەرەتاوە شكستخواردوو بووە بە هەموو پێوەرەكان و شكستەكەشی بەردەوام بووە، بە پشت بەستنی بە توندڕەوەكان و گەندەڵی و دزینی پارەی لیبییەكان و داگیركاری توركیا.

چاودێران دەڵێن: بڕیارەكەی سەڕاج نابێتە چارەسەری كێشەی لیبیا، تەنها گفتوگۆی لیبی – لیبی چارەسەرە لە نێوخۆدا، هیچ چارەسەرێك نییە جگە لە سازشكردنی لایەنەكان سەرجەمیان لە پێناو یەكگرتووی لیبیا.

رۆژانی رابردوو خزمەتگوزارییەكان باشبوونی بەخۆیەوە بینی دوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان كە بەهۆیەوە وەزیری ناوخۆی ماوەیەك لە كارەكەی دووركەوتەوە و دواتر گەڕایەوە.