رووداوەكانی هاتوچۆ حكومەتی هەرێمی هێنایە دەنگ

ئابوری 17/09/2020


چاودێر
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی كە چاویان بە كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی ئێستا هەڵنایەت، بە لێدوانی چەواشەكارانە هەوڵی بەلاڕێدابردنی رای گشتی و خراپ بەكارهێنانی سۆز و عاتیفەی هاووڵاتییان لەبارەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەدەن.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕوونكردنەوەیەكدا، رایگەیاند: ئەوانەی كە چاویان بە كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی ئێستا هەڵنایەت، بە لێدوانی چەواشەكارانە هەوڵی بەلاڕێدابردنی رای گشتی و خراپ بەكارهێنانی سۆز و عاتیفەی هاووڵاتییان لەبارەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەدەن.
وتیشی " بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لە مانگی تەمووزی ساڵی 2019 تا تەمووزی 2020، 22 پڕۆژەی رێگەوبان بە بودجەی 110 ملیار و 791 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، هەروەها سەرپەرشتیی 69 پڕۆژەی بەردەوامی رێگەوبان دەكات كە بە بودجەی دوو تریلۆن و 475 ملیار و 868 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن".
باسیلەوەشكردووە، دوو ملیۆن و 437 هەزار و 72 پرۆسەی كێشكردن لە وێستگەكانی كێش لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین جێبەجێ كراون.
روونیكردووەتەوە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە هەڵمەتی خێرای چاككردنەوەی رێگەوبانەكانی نێوان شارەكان، لە ماوەی 70 رۆژدا، 79 پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە 42 ملیار دینار لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك جێبەجێ كردووە.
لەبارەی وەزارەتی شارەوانی باسی لەوە كردووە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەنیا لە بەشی رێگەوباندا، بەشی كۆتایی پڕۆژەی ستراتیجیی 120 مەتری هەولێر لە نێوان رێی سەرەكیی هەولێر و مووسڵ تا رێی هەولێر كەركووك، بە گوژمەی زیاتر لە 88 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كردووە. شەقامی بارزانی لە دهۆك بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیەوە بە بەهای 69 ملیار دینار جێبەجێ كراوە. هەردوو پڕۆژەی 150 مەتری هەولێر و 100 مەتری سلێمانیش لە جێبەجێكردندان.
لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی باسیلەوەكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای بارودۆخی سەختی دارایی و پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەپێی توانای خۆی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی بواری رێگەوبان بەردەوام بووە، بە هیچ شێوەیەك لە بەرنامە و پلانە راگەیانراوەكانی بۆ پێشخستن و بەرفراوانكردنی رێگەوبانەكانی هەرێم سڵ ناكاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەنگی لە پڕۆژە جیاوازەكانی نێشتەجێبوون، رێگەوبان، ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەكانی تر لە تەواوی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەدی دێنێت، هەروەها لە هەرێمی كوردستان ئەگەرچی هێشتا هێڵی شەمەندەفەر نییە، بەڵام بەرێی قیرتاو و نۆژەنكراودا هاتوچۆ دەكەین.