داوا لەهاوڵاتییان دەکرێت پارەى غەرامە نەدەنە کۆمپانیای کۆکردنەوەى پارەى ئاوی ماڵان

کوردستان 16/09/2020

چاودێر:
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لەهاوڵاتییان دەکات، ئەو بڕە پارەیە نەدەنە کۆمپانیای کۆکردنەوەی پارەى ئاوی ماڵان، کە وەک غەرامە بۆیان دەنوسرێت.

کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ناکرێت لە پێناو دەوڵەمەند کردنی کۆمپانیاکان و بەئامانجگرتنی باخەڵی هاووڵاتیان، هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلیمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین غرامە بکرێن.

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەسەردانێکی مەیدانی بۆ کێشەی هاوڵاتیان سەبارەت بەغرامەکردنی هاوڵاتیان بە بڕی دووسەد هەزار دینار لەلایەن کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان، هاووڵاتیان ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پێوەری ئاو ببەستن دووسەد هەزار غرامە بدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی کۆمپانیاکانی بەستنی پێوەر ئیجرائەتی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەوان غرامە بکرێن بەداخەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لەڕێگای کۆمپانیاکان هاووڵاتیان غرامە دەکات.

باسی لەئەوەشکرد، بۆیە داواکارین هاووڵاتیان پابەندنەبن بە پێدانی ئەو بڕە پارەی کە دیاری کراوەو پابەندی پێوەرێک نەبن بەناو زیرەک هەواش بخوێنێتەوەو لەسەریان خساب بکرێت.

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەڕێگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنەوە لیژنەکەمان داواکاری ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار دەکات پێشنیاری ڕاگرتنی ئەو غرامەیە دەکەین داوا دەکەین باروگوزەرانی هاووڵاتیان لەبەر چاو بگیرێت وەداواکارین لەپێناو دۆڵەمەندکردنی کۆمپانیاکان، هاووڵاتیان نەکرێنە قوربانی باخەڵی هاووڵاتیان چیتر نەکرێتە ئامانج.