سیستانی: پێویستە یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی حزبەکان نەبێت

عێراق 13/09/2020

چاودێر

 

ڕابەری شیعەکانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: عێراق قەیرانی سیاسی، ئابووری و تەندروستی و خزمەتگوزاریی هەیە و باسی لەوەش کردووە پێویستە یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی حزبەکان نەبێت.


دەشڵێت: "ئەو هەڵبژاردنەی پەرلەمان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت گرنگییەکی زۆری هەیە، پێویستە بارودۆخێکی وای بۆ بڕەخسێندرێت کە ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هان بدرێن بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداریی تێدا بکەن."


ڕاشیگەیاند: هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ خۆی ئامانج نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە چەقبەستووەی کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە لە ئەنجامی قەیرانە سیاسی، ئابووری، ئەمنی، تەندروستی و خزمەتگوزاری و قەیرانی دیکە کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە. دەبێت هاووڵاتییان بە بێ هیچ فشارێک بتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی کێشە و قەیرانەکان چارەسەربن.


لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەبێت هەل بدرێتە هاووڵاتییان تا دیدی خۆیان لە بژاردەیان بۆ داهاتووی وڵات نوێ بکەنەوە دوور لە هەر فشارێک و بە ئازادیی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەردەوام بێت لە سەپاندنی هەیبەتی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان و نەهێشتنی چەک لای هاووڵاتی و سەپاندنی یاسادا."