تمەنی ئێرانی نیوەی بەهاکەی لە دەست داوە

ئابوری 13/09/2020

چاودێر

 

بەهۆی قەیرانی ئابووری و گەمارۆکانی ئەمەریکا و لێکەوتەکانی کۆرۆنا، بەهای تومەنی ئێرانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە نیوەی بەهاکەی لە دەست داوە.

 

 بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە پشتی بە پێگەی بۆباست بەستووە، بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی لە بازاڕی ڕەشی ئێران بۆ 2635 تومەن بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە 2570 تومەن مامەڵەی پێوە دەکرا.


ئەو دراوە ئێرانییە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 49%ـی بەهاکەی لە دەست داوە، بە تایبەت دوای ئەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی سەخت داڕما و زیانەکانی سەر ئابووریی ئێرانی قووڵتر کردەوە. هاوکات لە لایەکی دیکەشەوە ڤایرۆسی کۆرۆناش زیانی زۆری بە ئابووریی ئێران گەیاندووە، بە جۆرێک بەرزترین ژمارەی گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەو پەتایەوە تۆمار کردووە.


پەیمانگەی پارەدارکردنی نێودەوڵەتی لە سەرەتای ئەمساڵ ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەریکا و داکەوتنی نرخی نەوت بۆ ئێران ساڵێکی سەخت دەبێت، و یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکەش دادەبەزێت.


ئەو پەیمانگە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دوای دوو ساڵ لەو داکەوتنە سەختەی ئێران، وڵاتەکە گەشەیەکی زۆر لاوازی دەبێت و ڕێژەی بێکاری بەرزتر دەبێتەوە، هەروەها یەدەگی وڵاتەکە کەم دەکات.


ئەمڕۆ 100ھەزار تمەنی ئێرانی لە بازاڕەكانی كوردستان بەرامبەر بە 4800 دیناری عێراقییە.