گۆڕان بۆ دەگۆڕێن؟

ڕاپۆرت 09/09/2020


نوسینی: كەریم قەراغی
بزووتنەوەی گۆڕان –نەوشیروان، بزووتنەوەیەكی بەرهەڵستی یاخی بوو، لە هەناوی یەكێتی و لە ناو كولتوری سیاسی-كۆمەڵایەتی، سلێمانی، سەریهەڵدا. پەلی بۆ شارەكانی تریش هاویشت. بەڵام چەقی چالاكی چالاكەوانەكانی، سلێمانی و دەوروبەرێتی. دوای سلێمانی، لە گەرمیان بەهێز بوون.. دوای گەرمیانیش، لە راپەڕین و كۆیە.. لە هەولێریش باشبوون. لە دهۆك لاوازبوون. لە كەركوكدا، لە پەراوێز مانەوە.
كاریگەرترین گورزی گۆڕان، لە سلێَمانی و گەرمیان بوو، بەنسبەت سكرتێری یەكێتیشەوە، لە سەرهەڵدانیانەوە، سەركەوتنیان لە كۆیەو لە كۆیەشدا، برازای مام جەلال بەرپرسی مەڵبەند بوو، سەركەوتنیان ئازاری هەبوو.
كە جارێ‌ لە هەناوی یەكێتیی دا بوون، سكرتێری یەكێتی و بەشێكی سەركردایەتیان، لەو باوەڕەدا نەبوون، جیاببنەوە (25) كورسی بهێنن.. هێنایان. لەو كاتەدا، كاریگەری گۆڕان دەركەوت. بەڵام، لە بەرئەوەی گۆڕان، سەرهەڵدانەكەی دواخست، كە سەرهەڵدان و چونە ناو هەڵبژاردنیان، هاوكات بوو. كاتیان كەم بەدەستەوەبوو، سیاسەتی جیاوازی سەردەمی سۆسیال-میدیا، باشتر بگەیەنن، هەر ئەو كاتە، نەوشیروان، هەڵەیەكی زەقی كرد كە، چەندین سەركردەی ناوداری گەندەڵكاری، بردە ڕیزەكانی گۆڕان.. ئەمەش بە خراپی لەسەریان شكایەوە. چونكە لەناو ئەو سەركردانەدا هەبوون، ناوبانگیان لە گەندەڵی هەبوو.. بەڵكو دەستەواژەی گەندەڵی بەهۆی ئەوانەوە كەوتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە.. كەچی چونە ناو گۆڕان.. گۆڕانیان پیس كردوو خۆیان پاك كردەوە.
ئێستا (13) ساڵە ئەم بزووتنەوەیە سەریهەڵداوە، وەك هەموو بزووتنەوەیەكی تر لە هەڵبژارندا.. هەڵبەزوو دابەزیان هەیە. لە دوەمین حزبی كوردستانەوە، بونەتە سێهەم.. لەوەش ئەچێ‌، دابەزن بۆ چوارەمیش.
گۆڕان سیاسەتی بەرهەڵستی تاقی كردەوە. بۆ گۆڕینی سیستەم و خستنی یەكێتی و پارتی شكستی خوارد. بەڵام بۆ گۆڕانكاری فەلسەفەی سیاسی بەرهەڵستی لە هەموو لایەنەكانی تری بەرهەڵستی كاریگەرتر بوو. گەرچی گۆڕان لە وڵاتێكی زەمینەی لیبرالیەتی تیا نەبوو، ئەوپەڕی هەوڵیاندا لیبرالیزم تێكەڵاوی پۆپۆلیزم بكەن. هەتا لە بنەوە، پێگەی كۆمەڵایەتی یەكێتی سەرەتا هەڵتەكێنن.. دوای ئەوە پارتیش لاواز بكەن. بەڵام ساڵ دوای ساڵ دەركەوت ئەگەر زەمینەی لیبرالیزم لە ئارادا نەبێ‌.. فەلسەفەی لیبرالیزم تەنها ماوەیەك ڕەونەقی دەبێ‌.. سەرەنجام كارگەریی لاواز دەبێ‌.. پۆپۆلیزمیش.. لەسەرچاوەدا ئایدیۆلۆژیەتی نەبووە.. لەسەر هیلاكی دەرونی و ئاستێكی ئابوری دروستبووە.. بۆیە لە ناو گەلێكی سەربەخۆیی نەدیوی دیموكراسی بەدی نەهاتوودا.. پۆپۆلیزم، هەرگیز ڕەگ داناكوتێ‌، دوای گۆڕان.. هاوپەیمانی دیموكراسیش سەرنەكەوت لە پۆپۆلیستی. ئێستا.. نەوەی نوێش، لەناو بازنەیەكی داخراودا، تەراتێنێتی.
لە دوای شكستی جەماوەری گۆڕان چاری نەما، تەنها چونە ناو حكومەت نەبێ‌. كە چووە ناو حكومەت بەنسبەت جەماوەری بە یاخی بوون پەروەردەركراوەكەی، شۆك بوو. لەو ساوە لە حكومەتیشن.. تەنها توانیویانە، بە كاوەخۆ، قسە لە گۆڕانكاری بكەن. كورتیەكەی:
گۆڕان.. خەریكە لە هەردوو جەژنەكە دەبێت. نە جەماوەری وەكو جارانە.. نەحكومەتیش بەپێی بەرنامەی گۆڕان.. دەگۆڕدرێ‌.. چی بۆ گۆڕان ماوەتەوە؟ تەنها ئەوە ماوەتەوە، گۆڕان .. لەناو خۆیدا.. خۆی بخواتەوە.
ئەمساڵ.. باشترین كادرەكانی دەرەوەیان لێیان تەوەلابوون. ئەوەتانێ‌ فراكسیۆنەكەی بەغداشیان، بەناوی هەڵوێستی جیاوازەوە.. لاساری دەكەن كۆبونەوەی جڤاتیان، كرایە شانۆیی لێك هەڵبەزین.. هەر ڕەوتێكیان لە ئاوازێك دەخوێنێ‌. ئەم بارگرژییە سەرەنجامێكی چاوەڕوانكراوی ناو بزووتنەوەكەیە، سەرەتاكەی لەسەر بنەمای ڕقەبەرایەتی دژی یەكێتی و مام جەلال دروست بوو.. سەرلێشێواوی لەناو رای گشتیدا لە كاتێك هێنایە ئاراوە كە موچە هەبوو. پرۆژەكان بە ڕێكوپێكی ئەنجام دەدران.. باری ئاساییشی كوردستان زۆر باشبوو.. ئازادی بیروڕا هەبوو.. كەچی گۆڕان.. بەو ڕقەبەرایەتییە هەم دەستكەوتەكانی نابوت كردو هەم مێژووی پێشمەرگایەتی و شۆڕشیشی سوك كرد. تەنانەت بوو بە مایەی ئەوەی پارتی بە هێز بێ‌..
مەحاڵە گۆڕان.. سەردەمی زێڕینی نەوشیروان بگێڕێتەوە. جاران لە مام جەلال نەدەترسان ئێستا لە خزمەكانی مام جەلال دەترسن.
بەدڵنیاییەوە، گۆڕان.. تەنها لەناو خۆیدا، دەگۆڕدرێ‌.. ناتوانێ‌ كوردستان بگۆڕێ‌!