​ ئەوروپا رێوشوێنی توند دژی ئەردۆغان دەگرێتەبەر

ڕاپۆرت 07/09/2020

لە بەرامبەر بەردەوامی توركیا لە گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەكان لە دەریای نێوەڕاستدا ئەوروپا رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر دژی ئەردۆغان سەرۆكی توركیا.

 كوستاس مافریدس ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا گوتی: داوای سەپاندنی سزا كراوە بەسەر توركیادا بەهۆی چالاكییەكانی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، نەگەیشتن بە ئەو بڕیارەش زیان بە یەكێتی ئەوروپا دەگەیەنێت.
ناوبراو گوتیشی: پەرلەمانی ئەوروپا لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا گفتووگۆ دەستپێدەكات لە بارەی پێداچوونەوە بە رووداوەكانی ناوچەكەدا بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێك دەربارەی دوژمنكارییەكانی توركیا لە خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست.
راشیگەیاند، سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا كۆدەبنەوە بۆ گفتووگۆكردن لە بارەی گەیشتن بە بڕیارێك دەربارەی دوژمنكارییەكانی توركیا لە خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست ‌و لە ناوچەكە بە گشتی.
دەشڵێت: بە داخەوە هیچ هەڵوێستێك نییە تا ئێستا، بڕیارێكی هاوبەش دژی توركیا هەوڵێكی زۆری دەوێت، بەڵام لە حاڵی نەگەیشتن بە بڕیارێكی هاوبەش دژی ئەردۆغان گەورەترین زیانمەند یەكێتی ئەوروپا دەبێت نەك وڵاتانی ئەندام.

گوتیشی: ئەمە پرسێكی ئەوروپییە لەسەرمانە چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە، دەبێت بڕیار لەسەر ڕۆڵی جیۆسیاسی بدرێت لە دەریای ناوەڕاست.
هاوكات جان ئێف لودریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی: ئەوروپا  كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی تایبەت دەكات بە توركیا و پەرەسەندنەكانی دەریای ناوەڕاست بەتایبەت لێكۆڵینەوە لە سزاسەپاندن بە سەر ئەنقەرەدا.
گوتیشی: لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپادا لەم مانگەدا دۆسێی گفتووگۆ، دۆسێی توركیا دەبێت.
ناوبراو گوتی: ئەم دۆسێیەمان ئامادەكردووە چەند ڕۆژێكە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە لە بەرلین، بۆ ئامادەكردنی رێگاكانی وەڵامدانەوە كە دەكرێت دژی توركیا بەكاربهێندرێن.
لای خۆیەوە ئەدۆنیس جۆرجیادیس وەزیری گەشەی یۆنان گوتی: وڵاتەكەم گومانی نییە لە چوونە ناو روبەڕوبوونەوە لەگەڵ توركیا و سەرۆكی توركیا لە نێو خەیاڵدا دەژیت.
جۆرجیادیس گوتیشی: ئەردۆغان لە خەیاڵدا دەژیت، هەوڵ دەدات ئیمپەراتۆریەتی عوسمانی زیندووبكاتەوە.
هەڕەشەشیكرد یۆنان توانای هەیە، پێش بە فراوانخوازییەكانی ئەردۆغان بگرێت، ئەسینا رێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ ئامادەبوون بۆ روبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەنقەرە، لە توركیا ناترسین.