تکایە ئاگاداری مۆبایلە زیرەکەکانی خۆتان و منداڵەکانتان بن

تەکنەلۆجیا 29/08/2020

زانیاریەک و تاقیکردنەوەیەک:
قەت لە خۆت پرسیوە تۆ چۆن بەخۆڕایی فەیسبووک و ئینستاگرام و ئەوانی دیکە بەکاردەهێنی و کەچی سەرمایەی مارک زوکەربێرگ ١٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە؟ قەت پرسیوتە کێ موشتەریە و کێ کاڵایە لەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە.
وەڵامەکە بە ڕوونی ئەمەیە: کۆمپانیا و خاوەن بزنس و کاڵاکان کڕیارن و من و تۆی بەکارهێنەریش کاڵاکەین.
واتە وامەزانە تۆ بەخۆڕایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنیت، بەڵکو بەنرخترین زانیارییەکانی خۆت لەپێناویدا بەخشیوە کە ئامادەنیت هەندێکجار بە دایک و باوکیشتی بدەیت.
یانی ئەوە بزانە لەناو ئەم تۆڕانە کە (کە وەک مارکێتێکی گەورە بێهێنە پێشچاوت) ئەگەر کڕیار نەبیت ئەوا لە ١٠٠٪ کاڵاکەیت.
یانی چۆن؟
هەموو شت لەم دونیا بزنسە، سیاسەت، میدیا و هەموو بوارەکان بزنسن. کاتێک تەلەڤزیۆنەکە دەڵێ چاوت لەسەر ئێمە بێ، یان ئێمە تۆمان پێویستە وەک کاڵا بەکارتبهێنین، چونکە ئەگەر تۆ سەیری ئێمە نەکەیت، دەبێ ئێمە تەلەڤزیۆنەکە دابخەین و کەس رێکلام لەلای ئێمە ناکات.
کاتێ پەیجێک شت بڵاودەکاتەوە و تۆش لایک و کۆمێنت و شەیر دەکەیت، ئەوە بزنسەکەی ئەو گەورە دەکەیت. یانی فەیسبووک لایک و کۆمێنتی ئێمە دەفرۆشێ بە کڕیارەکان .
تۆ خۆت نازانی ئەگینا هەموو لایک و کۆمێنتێکت کە بە سادەیی دەینووسی دەبێتە پارە بۆ خاوەنەکەی، هەموو کلیکێت پارەیە بۆ کەس و لایەنێک. ئەوە وایکردووە داهاتی فەیسبووک بگاتە نیو تریلیۆن دۆلار، ئێستا داهاتی ئەم چوار کۆمپانیا زەبەلاحە (فەیسبووک، ئەپڵ، گوگڵ و ئەمەزۆن) زیاتر لە پێنج تریلیۆن دۆلارە!
ئەمەش مەترسیدارتر:
هەموو ئەپێک کە تۆ داونلۆدی ئەکەیتە مۆبایلەکەت کۆمەڵێک مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بتوانی بەکاریبهێنی، زۆرینەمان بەبێ خوێندنەوەی ئۆکەی دەکەین، ئەو مەرجانە ئەمانەن: رێگەی پێدەدەت بچێتە ناو وێنەکانت، هەموو فایلی دەنگ و رەنگت بە ریکۆرد و هەموو شتەکانەوە، لەکاتێکدا رەنگە ئامادەنەبیت رێگەبدەی باوکت دەستی بگاتە ئەو شتانەت. بێگومان ئەو داتایانەی تۆ بەنرخن، کۆمپانیاکانیش بە گران دەیفرۆشن.
ئەی تۆ قەت پرسیوتە بۆچی کە لە گوگڵ و ئەمازۆن و هەر شوێنێکی مۆبایلکەت ئەمشەو سێرچ بۆ هەر کاڵایەک بکەیت، ئیتر بەیانی رێکلامەکانی ناو مۆبایلەکەت دەبن بە بەو کاڵایە.
ئێستا ئەمە تاقیبکەوە: لە گوگڵ یان ئەمەزۆن سێرچ بۆ مۆبایلی ئایفۆن یان هەر کاڵەیەکی تر بکە، مەسەلەن بۆ بەتانی بکە، بزانە دوای ئەوە رێکلامەکانی ناو فەیسبووک، توویتەر و ئینستاگرامەکەت نابن بەو شتەی کە سێرچت بۆ کردووە؟ برادەرێک جارێ نووسیبووی، بەبێ ئەوەی بەهیچ جۆرێک لە مۆبایلەکەم سێرچ بکەم، رۆژێک گۆشەی قەنەفەم کڕی لە بازاڕ، کەچی زۆر سەیربوو رێکلامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم گۆشەی قەنەفەی پیشاندەدام. یانی ئەو گومانی هەبوو هەرچی بکەی ئەوا دەیزانن،
خاوەن مارکێت: کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک و ئەپڵ و ئەمەزۆن
کڕیارەکان: کۆمپانیا و حیزب و بزنسەکان
کاڵا: بەکارهێنەری ئاسایی و جەماعەتی لایک و کۆمێنت
بۆیە ئەو جارەش وتمان، تکایە لایک و کۆمێنت بۆ هەموو شت مەکە، "ئیستفادەی لێناکەیت". حزب و کۆمپانیا و کەسایەتییەک کە رقت لێیەتی بە کۆمێنت نووسین خزمەتی بزنسەکەی ئەو دەکەیت. بۆ نموونە هەر ئەوانەی کە رقیان لە مەلا عەلی کەڵەک، یونس راوی، مەریوان هەڵەبجەیی بوو، هەر ئەوان گەورەیان کردن و بزنسەکەیان پەرەپێدان.
بۆیە تکایە ئاگاداری منداڵەکانتان بن، لە کوردستانی خۆمان هیچ شتێک فلتەری نییە، ١٠ ساڵی تر منداڵەکەت هاوڕەگەزباز دەرچوو ئەو کات نابێ گلەیی بکەی کە بە چی وایلێهات، بێگومان بەو ئینتەرنێت و یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کە بە بێ فلتەر دەیکەنە ئامانج.
هەزار سڵاویش لە دینی ئیسلام کە دەڵێ نابێ بە خورپەی دڵیش لەگەڵ ستەمکار و کەسی فەساد بیت، کەچی ئێمە رۆژانە لایک و کۆمێنتیان بۆ دەکەین و زیاتر بزنسەکەیان گەورە دەکەین.
حەکیم داود قەرەداغی