​هاووڵاتیانی تەرابلوس دژی حكومەتەكەی سەڕاج ڕاپەڕین

ڕاپۆرت 24/08/2020

دوای دوو ڕۆژ لە بڕیاری ڕاوەستانی پرۆسە سەربازییەكان و دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لەنێوان هەردوو حكومەتی تەرابلوس و سوپای نیشتیمانی لیبیادا، خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە تەرابلوس دژی حكومەتەكەی فائیز سەڕاج پشتیوانیكراو لەلایەن توركیاوە لەسەر خراپی رەوشی ئەمنی و گوزەرانیان دەستیپێكرد.

هاووڵاتیانی لیبیا ناڕەزاییان نیشاندا لە بەرامبەر خراپی رەوشی گوزەرانیان لە تەرابلوس و لەبەرامبەردا میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە سەڕاج سەركوتیان كردن و ژمارەیەكی زۆری گەنجیان دەستگیركرد.

لەنێوەڕاستی تەرابلوسی پایتەخت لیبییەكان درووشمیان گوتەوە، داوای نەهێشتنی گەندەڵییان دەكرد  لەگەڵ زیادبونی خراپی خزمەتگوزاریەكان، بڕانی بەردەوامی كارەبا، كەمی بەنزین و درێژبوونەوەی نۆرەی بەنزین كڕین لە وێستگەكانی بەنزین.

خۆپیشاندەرێكی 20 ساڵان بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسایی گوتی: ئێمە پڕبووین بەسە ژیان بەبێ هیوا.

خۆپیشاندەران گردبوونەوە لە پێش بارەگای سەرەكی حكومەت و دواتر چوونە گۆڕەپانی شەهیدان لەنێوەڕاستی پایتەخت سەرباری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

لە كاتی روخانی رژێمەكەی قەزافییەوە لە 2011 لیبیا تووشی جەنگی نێوخۆیی بووە و لەم دواییەشدا دووچاری دەستوەردانی دەرەكی توركی و روسی و میسری و وڵاتانی كەنداو بووە و هەر لایەنەیان پشتگیری لایەنێك دەكات.

خۆپیشاندەرەكان لە تەرابلوس ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی میلیشیا چەكدارەكانیان سوتاندووە و داوای ڕۆیشتنی فائیز سەراجیان كردووە.

داواش دەكەن ئەو دەسەڵاتدارانەی شكستیان هێناوە لە چارەسەركردنی كێشەكانیان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە دوای روخانی رژێم پۆستەكانیان چۆڵ بكەن.

ناڕازییەكان گوتیان: دەستوەردانە دەرەكیەكان بەتایبەت دەستوەردانی توركیا كێشەكانی هاووڵاتیانی زیاتركردووە و میلیشیا چەكدارەكان دەژین لەسەر حیسابی ژیان و پێویستییەكانی هاووڵاتیان.

هاووڵاتیان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیشیان كردووە لە تەرابلوس دوای خۆپیشاندانە گەورەكەی دژی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەكان و كۆنترۆڵی سیستمی دارایی و  پشتیوانی دارایی میلیشیا چەكدارە سووریاییەكان.

سوپای نیشتمانی لیبیا لەلایەن میسر و ئیمارات و فەرەنسا و روسیاوە پشتیوانی دەكرێت بەسەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر و لە ماوەی ساڵانی رابردودا توانی زۆرینەی خاكی لیبیا لە بن دەستی حكومەتی تەرابلوس  دەربهێنێت.

سوپا پێشڕەوی كرد و نزیكبووەوە لە پایتەخت، بەڵام حكومەتی تەرابلوس هانای بۆ ئەنقەرە برد و دوای رێككەوتنی  دوو قۆڵی و ناردنی میلیشیا سووریاییەكان بۆ لیبیا لەلایەن توركیاوە هاوسەنگی هێز گۆڕانكاری بەسەردا هات.

 حكومەتی تەرابلوس توانی سنووری ئیداری پایتەخت و چەند شار و شارۆچكەیەك كۆنترۆڵ بكاتەوە، بەڵام نەیتوانی شارەكانی جوفرە و سێرت كۆنترۆڵ بكات.

پێش دەستپێكردنی هێرش بۆ سەر ئەو دوو شارە ستراتیژییە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر ئەو دوو شارەی بە هێڵی سوور دانا و هەڕەشەی دەستوەردانی لەشكری كرد لەحاڵی هێرشكردنە سەر ئەو دوو شارە.

بەشێك لە هۆزەكانی لیبیاش پشتیوانی خۆیان بۆ دەستوەردانی سەربازی میسر لە لیبیا دووپاتكردوە.

چاودێران پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان توركیا و میسریان كردبوو لە حاڵی هێرش بۆ سەر جفرە و سێرت.