یەرەكە: لە گوندی قامیشی شارباژێڕ 9 گەریلا كوژران

کوردستان 10/08/2020

یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان باڵی سەربازی پژاك لە راگەیەندراوێكدا كوژرانی 7 گەریلا و دوو وڵاتپارێزی لە هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی قامیش لە ناوچەی شینكایەتی سەر بە قەزای ماوەت لە شارباژێڕ راگەیاند.

یەرەكە گوتی: لە هێرشەكەی چیای ئاسۆس لە گوندی گەڵاڵە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام لە هێرشەكەی چیای بایلۆسەی گوندی قامیش 7 گەریلا و دوو وڵات پارێز شەهید بوون.

راشیگەیاند دەستی سیخووڕی نێوخۆیی لەو هێرشانەدا هەیە كە بە فڕۆكەی شەڕكەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامدراون.

رۆژی سێشەممە و هەینی رابردوو فڕۆكەكانی توركیا چیای ئاسۆس لە گوندی گەڵاڵە و چیای بایلۆسەیان لە گوندی قامیش لە ناوچەی ماوەت لە شارباژێڕ بۆرددومان كرد، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دۆنم پوش و پاوان و رەز و باخی هاووڵاتیان سووتا.

لە ناوچەی شینكایەتی سنوری قەزای ماوەت بنكە و بارەگای پژاك باڵی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی پەكەكە بونیان هەیە، بەهۆیەوە ماوە ماوە فڕۆكەكانی توركیا ناوچەكە بۆردومان دەكەن.

لە مانگی رابردووشدا گوندەكانی سەفرە و سەیرانگای كونەماسی بۆردومان كران و ژمارەیەك هاووڵاتی برینداربوون و ژمارەیەك گەریلاش كوژران.