ئەنجومەنی وەزیران روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
چاودێر: ئەنجومەنی وەزیران روونكردنەوەیەكی لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو نوسراوانە خستەڕوو كە چەند پلەیەكی راوێژكاری راگەیەنرابوو.
دەقی روونكردنەوە:
يەکەم: ئەو نوسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە.
دووەم: بەپێی پەیڕەوی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر یەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی پێویست بۆیان هەیە چەند راوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ راییکردنی کارەکانیان.
سێیەم: پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە، لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ (شاغر) بوون، بۆیە پێویست بوو پڕبکرێنەوە.
چوارەم: لەم کابینەیەدا، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا فەرمانبەر دادەمەزرێت.
پێنجەم: کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بابەتی فەرمانبەری پلەباڵای (معوم)ە، ئەمەش بەڵگەیەکی روونی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی پلە باڵاکان لە میلاکی گشتیدا.