گەندەڵی.. چ شەرمەزاریەكە لە لوبنان.. ئەی كوردستان؟

کوردستان 10/08/2020


نوسینی: ئەحمەد گەرمیانی

لوبنان، بە تەقینەوەیەك جەرگبڕترین كارەساتی بەسەردا هاتووە. وڵاتان كەوتونەتە كۆمەك كۆكردنەوە بۆ خەڵكی لوبنان. بەڵام ئەوەی كە مایەی سەرسوڕممانە، هەڵوێستی وڵاتەكانە بەرامبەر لوبنان..
دوێنێ‌.. سەرۆكی فەرەنسا ماكرۆن، لە ئۆنلاین لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی دیكە، قسەی كردو (250) ملیۆن دۆلاری كۆمەكی سەرەتایی، دابین كرد.
هەواڵەكان.. تێكڕا.. و پەیتا پەیتا، وای بڵاودەكەنەوە كە، هیچ كۆمەكێك نادرێتە دەست حكومەتی لوبنان، چونگە گەندەڵن و شكستیان خواردووە.
ئەم هەواڵەش، كارەساتە.. كارەساتی ئەخلاقی و سیاسییە. كارەساتی شكستی یەكێك لە نموونە دیموكراسیەكانی رۆژهەڵاتە.. نمونەیەك، كە جێگەی ئومێد بوو، پێش تونسیش، بەشی زۆری ئەركەكانی دیموكراسی جێبەجێ‌ بكات.. كەچی هەردوو ئەقڵیەتی تایفەگەری ئیسلامی (شیعەو سوننە) و مەسیحی (مارونی – كاسولیك) لەساڵی (1975)ەوە، لوبنانیان چەقاندۆتە زەلكاوی ئەقڵیەتی تایفەگەری. زیاتر لە (30) ساڵیشە، پارتی خودایی (حیزب الله ی لوبنانی) حكومەتێكی لە جنوبی لوبنان و بەیروت سەپاندووە. ئەمانیش تەنها (11) كورسی پەرلەمانیان هەیە، كەچی بەهێزی ملیشیایی شادەمارەكانی دەسەڵاتەكانی لوبنانیان لەدەستە.
دەسەڵات.. كەی ئەوەی هێناوە، هەموو جیهان بە دەسەڵاتی لوبنانی دەڵێ‌: گەندەڵ و شكست خواردوو، كەچی سەرۆكی لوبنان و سەرۆكی پەرلەمان مێش میوانیان نییە. زۆربەی وەزیرەكان و پەرلەمانتارەكانیش.. متەقیان لێوەنایەت!!
ـ سەرۆكی فەرەنسا.. دێتە لوبنان، ئیهانەی حكومەتەكەی كرد، گوێی نادەنێ‌.
ـ دەڵێ‌.. ماوەیەكی تر دێمەوە لە حكومەتەكە دەپێچمەوە، گوێی نادەنێ‌..
ـ حكومەتەكانی دونیا دەڵێن: یارمەتی نادەینە دەستی حكومەتی لوبنان، چونكە گەندەڵە و شكستی خواردوەو متمانەی خەڵكیان لەدەست داوە، گوێی نادەنێ‌.
ـ خەڵك لێیان راپەڕیوەو تەلاری وەزارەتەكان داگیر دەكەن و دەسوتێنن، گوێی نادەنێ‌.
حكومەتێك، تەنها سەربازو پۆلیسی بەدەستەوە مابێ‌.. ئەویش بەنابەدڵی.. بەرگری بكەن.. ئەم حكومەتە.. یان كارەساتی بەردەوامە بۆ خەڵكەكە؟
كار خەریكە دەگاتە سەر ئەوەی گەمارۆ بخرێتە سەر كاربەدەستانی حكومەت.. سەفەریان قەدەغە بكەن و پارەكانیان بلۆك بكەن..
چارەنوسێكی رەش چاوەڕێی حكومەتی لوبنانە.. رەشتر لە چارەنوسی حكومەتی سودان!!
سەبارەت بەكوردستانیش.. هێندە دەڵێم:
گەندەڵی لە كوردستاندا.. كەمتر نییە لە لوبنان. خەڵكیش توڕەن. ئەگەر ئەمجارە توڕەیی خەڵكەكە لێی بڕژێ‌.. بەدڵنیاییەوە، جگەرەی بە قاچاخ براو، نەوتی دزراو، دوگی بێ‌ گومرگ بەرێكراو، دەبنە بەڵای سەری كاربەدەستە گەندەڵەكان و دۆخێكی ترسناك.. لە كوردستانیشدا.. رودەدات!! مەگەر خوا رەحمیان پێ‌ بكات؟!