فرمێسك چییه؟‌ سودەكانی بۆ چاو بزانە

تەندروستی 09/08/2020


چاودێر:

 فرمێسكەڕژێن ئەندامێكی بچوكە و شێوەی بادەمی هەیە، دەكەوێتە بەشی سەرەوەی چاڵی چاو لە تەنیشتی دەرەوەی تۆپەی  چاو، فرمێسك ۹۸٪ی ئاوە، ئەوی تری پڕۆتین و ئەلیكترۆلایت و ڤیتامین A و C و چەندین مادەی تر پێكهاتوە،  بەهۆی ئەوەی ماددەی دژەبەكتریای تێدایە چاو لە میكرۆب دەپارێزێت.
فرمێسك چیە؟
د. ماكۆك محەمەد، پزیشكی نەشتەرگەری و نەخۆشیەكانی چاو، دەڵێت" فرمێسكەڕژێن ئەندامێكی بچوكە و شێوەی بادەمی هەیە، دەكەوێتە بەشی سەرەوەی چاڵی چاو لە تەنیشتی دەرەوەی تۆپەی  چاو، لەم گلاندەوە فرمێسك دەڕژێت بەسەر چاودا و لە ڕێگەی دوو بۆریچكەوە لە چاوەوە دەڕژێتە ناو لوت"
 وتیشی،  ئەو دوو بۆریچەكەیە دەكەونە لێواری هەردوو پێڵووی چاو ، بەشی هەرەزۆری فرمێسك لەڕێگەی بۆری پێڵووی خوارەوە ڕادەكێشرێت بۆناو لوت.
 ئەو پزیشكە  باس لەوە دەكات،  درێژیی تێكڕای بۆری فرمێسك نزیكەی ۳ سانتیمەترە و لە هەر شوێنێكی ئەم بۆرییانەدا بەربەست و گیران ڕوو بدات دەبێتە هۆی كۆبونەوەی فرمێسك و نەخۆشی دوای مانگێك لە لەدایكبوون ئینجا چاوی كۆرپە دەست ئەكات بە فرمێسك درووستكردن.
سودەكانی فرمێسك
1. ماددەیەكی چەوركەرە بۆ ئەوەی تروكاندنی پێڵووی چاو گلێنەی چاو نەڕووشێنێت.
2. وەكو بەربەستێك وایە بۆ ئەوەی هەوای ڕاستەوخۆ زیان بە گلێنە نەگەیەنێت.
3. ماددەی دژەبەكتریای تێدایە بۆ پاراستنی چاو لە میكرۆب.
4. هەر چڵك و تەپوتۆزێك لەسەر گلێنە هەبێت ڕایدەماڵێت.
5. ئۆكسجین دەگەیەنێت بە گلێنە
 پێكهاتەی فرمێسك
د‌.ماكۆك محەمەد، لەبارەی پێكهاتەی فرمێسكەوە ئاماژەوەبەدەكات، ئەو فرمێسكەی دەڕژێت بەسەرچاودا لە لایەن فرمێسكەڕژێن و چەند ڕژێنێكی تر، لە سێ چین پێكهاتووە  ئەویش چینی چەوری دەرەوە، چینی ئاوی ناوەڕاست، و چینی لینجی ناوەوە كە ڕاستەوخۆ بەر گلێنەی چاوەكە كەوتووە.
دەشڵێت" نێوانی پێڵووەكان و ژێر پێڵووەكان جێی ۲۰ نانۆلیتر شلەی تیادەبێتەوە، بەڵام قەبارەی فرمێسكی ناوچاوەكە لەو كاتەدا نزیكەی ۷ نانۆلیترە و ئەوی تری بەهۆی چاوتروكانەوە دەكرێتە دەرەوە"
*فرمێسك ۷٥٪ی لە ڕێگەی بۆری فرمێسكەوە دەردەدرێتە دەرەوەی چاو و ئەوی تری لە ڕێگەی بە هەڵم بوونەوە دەڕژێتە دەرەوەی چاوەكە.
* فرمێسك ۹۸٪ی ئاوە، ئەوی تری پڕۆتین و ئەلیكترۆلایت و ڤیتامین A و C و چەندین ماددەی ترە.