وەزارەتی کارەبای هەرێم: بە مەرج کارەبا بە عێراق دەفرۆشین
چاودێر
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە مەرج کارەبا بە حکومەتی عێراقی دەفرۆشن و مەرجەکەش ئەوەیە عێراق سوتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم دابین بکات.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: زانیاریمان پێ گەیشتووە کە حکومەتی عێراق بەرنامەی ھەیە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بکڕێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەک وەزارەتی کارەبا تاووتوێ کردووە بەڵێنمان داوە بە مەرج ڕێگەپێدانەکە بە بەغدا بدەین.
وتیشی: "نابێت ئەو کارەباپێدانە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتیمانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و بەغداش سووتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتووەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات."
"ھەرچەندە ئەو یەکانەی لە کار کەوتوون ھی وەبەرھێنەرانە، بەڵام ھەرکات حکومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ڕەزامەند بوو، ئەوکات ڕێگەی پێ دەدرێت"، ئومێد ئەحمەد وای وت.