چالێنجی کوڕەکەی مەسرور بارزانی ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە

کوردستان 08/08/2020

چاودێر

 

دوای ئەوەی ئارین مەسرور بارزانی، کوڕی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمامکبەستنی وەک چالێنجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاگەیاند، هەوڵەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە.

 

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئارین کارگەیەکی دروستکردنی ماسکی لە شاری هەولێر دروست کردووە و مانگانە دە ملیۆن ماسک بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ئەگەر ئەو هەڵمەتە نەبێت چۆن ئەو ماسکانە ساغ بکرێنەوە و بفرۆشرێن.

هاوکات گۆران عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕ و شارەزا لە سیاسەتی تەندروستی دەڵێت: "چالنجی ماسکمان بۆ مەکە، بە باوکت بڵێ مووچەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بدات، پێی بڵێ ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکان و ماسک و جلوبەرگ بۆ کارمەندانی تەندروستی دابین بکات."

 

لە لایەکی تریشەوە، پەیمان عیزەدین، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دەنووسێت: "ئەو چاڵینجە بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا نییە، بەڵکوو بۆ تووشبوونی هەتاهەتاییە بە حوکمی بنەماڵە، چاڵینجێکە بە جوانی و بە کاوەخۆ داهاتووی دەسەڵات لەناوخۆی بنەماڵەی بارزانی یەکلایی ئەکاتەوە بۆ ماڵی مەسعود بارزانی و وێنا گەورەکەی حکومڕانی لە هەرێم ئەخاتە بەرچاومان، دوای ئەوەی بنەماڵەی بارزانی سەرکەوتووبوون لە بەمۆدێلکردنی حیزبی بنەماڵە لەناو دوو گەورەترین حیزبی سیاسی دوای خۆیان."