زانیاری نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ

ئابوری 06/08/2020

چاودێر  -  تایبەت 
دوای 15ی ئاب، دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری رابردووی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت بەلێبڕینەوە و وەزارەتی داراییش، بڕی 250 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستدایە.
لەوبارەیەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە تایبەت دراونەتە چاودێر، هاتووە" لەگەڵ ئەوەی كە پشووەكانی جەژنی قوربان كۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری رابردووی ئەمساڵ دیاری نەكراوە".
هەر بەپێی زانیارییەكان، لەئێستادا، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، تەنها بڕی 250 ملیۆن دۆلاری لەبەر دەستە، بەڵام چاوەڕێی ناردنی پارەی بەغدا دەكات، كە لەدوای 15ی مانگەوە دەبێت.
لەزانیارییەكاندا، ئەوەش خراونەتەڕوو،" دابەشكردنی مووچە دەكەوێتە دوای ئەو وادەیە و هاوشێوەی مووچەی مانگی شوبات، مووچەی داهاتوو بەلێبڕینەوە دەبێت، بەڵام هێشتا ئەنجومەنی وەزیران بڕەكەی دیاری نەكردووە و وەزارەتی دارایی، چاوەڕێی داهاتی زیاترە و لەگەڵ ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا بتوانێت مووچەی تەواوی شوێنەكان دابەش بكات".